چارەنووسی گەنمی جووتیارانی مەخموور چاوەڕێی بڕیارێکی بەغدایە

12-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنم لە سەرانسەری عێراق، بەڵام دەرگای سایلۆی مەخموور هێشتا بە رووی جووتیاراندا داخراوە. چارەنووسی بەرهەمی ئەم ساڵیان بەستراوەتەوە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو لەبارەیەوە کۆببێتەوە.
 
کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی قەزای مەخموور نەخراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای جووتیارانی ناوچەکە دروست کردووە، کە نازانن بەرهەمەکانیان چۆن ساخ بکەنەوە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە، کە ئەو جووتیارانەی پشتیان بە بیری ئاو و سیستمی ئاودێری بەستووە، مۆڵەتەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، نەک لە حکومەتی فیدراڵی، بۆیە لە پلانەکەدا جێیان نەکراوەتەوە. هەروەها زەوییەکانی دیکەش پشتیان بەباران بەستووە و ئەم ساڵیش بارانی پێویست نەبووە.
 
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، پەیوەندییان بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و داوای چارەسەرێکی تایبەتیان بۆ جووتیارانی مەخموور و هەندێک ناوچەی دیکەی مادەی 140 کردووە. وەک شێخان، فایدە، دۆمیز و شنگال.
 
گوتیشی: "پارێزگاری نەینەوا بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر وەرگرتنی گەنمی 100 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری مەخموور بدات و دەرگای سایلۆکە بکرێتەوە."
 
سەبارەت بە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، "چاوەڕوانین رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە بدات. چاوەڕێ بووین پێش جەژن بڕیارەکە دەربچێت، بەڵام دەرنەچوو و هۆکارەکەشی نازانین."
 
حکومەتی عێراق نرخی کڕینی هەر تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.