رووداو دیجیتاڵ
سعودیە پێدانەوەی ڤیزەی بۆ عومرە راگەیاند. کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، چاوەڕوانی رێنوێنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، دوای گەڕانەوەی حاجییان رێنوێنی بڵاو دەکەنەوە.
بەهۆی رێورەسمەکانی حەجەوە، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە پێدانی ڤیزەی سعودیە بۆ عومرە راگیرابوو، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی حەج و عومرەی ئەو وڵاتە، پێدانی ڤیزە دەستیپێکردووەتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ تەواو گەڕانەوەی حاجییانمان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رێنوێنی نوێ بۆ گەشتەکانی عومرە دەردەکات".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکەم گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێنوێنییەکان دەکەوێتە سەرەتای مانگی داهاتووەوە".
هەر ئەمڕۆ، رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ لە سعودیەوە هیچ ڤیزەیەکی نوێ بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان نەدراوە بۆ دەستپێکردنەوەی عومرە".
بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیش رێبوار ئازاد گوتی، چاوەڕوانی رێنوێنییەکانی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی یەکەم گەشت.
رێوڕەسمەکانی حەج تەواو بوون. ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە ژمارەیان 714 کەسە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون و 13ـی ئەم مانگەش حاجییانی دیکەی رێگەی وشكانی دەگەڕێنەوە، کە 953 هاونیشتمانیی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن.
بڕیارە 14ـی ئەم مانگە حاجییانی هەرێمی کوردستان کە بە رێگەی ئاسمانیی چوبوونە سعودیە گەڕانەوەیان دەستپێبکات.
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ