چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر: پەتاتەی هەرێمی کوردستان هێندە زۆرە بەشی هەموو عێراق دەکات

12-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئەوەی زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی دەکات، لەوانە تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز و کوولەکە؛ هەروەها مریشک و هێلکە بەهۆی زیاتربوونی لە پێداویستی نێوخۆ هەناردە دەکرێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ مۆڵەت دەدەنە نزیکەی 750 بارهەڵگر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە لە بارهەڵگری دوو تۆنییەوە دەستپێدەکات بۆ زیاتر لە 10 تۆنی. زۆرترین بەرهەم لە پارێزگای دهۆکەوە هەناردە دەکرێت، دواتر هەولێر و پاشان سلێمانی و هەڵەبجە.
 
کشتوکاڵی هەولێر: 10600 بارهەڵگر بەرهەمی خۆماڵیمان ناردووەتە عێراق
 
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر رۆژی چوارشەممە 12-7-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا چەندین جۆر سەوزە و میوە زیاترن لەنێوخۆ و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن. ئەو بەرهەمانەی لەکاتی پێگەیشتنیاندا خۆبژێوییان تێپەڕاندووە و هەناردە دەکرێن زۆرن، لەوانە، تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز، بیبەر، باینجان و هەنار. 
 
هۆشیار جەلیل گوتی، "پەتاتەی هەرێمی کوردستان جگە لەنێوخۆ بەشی هەموو عێراقیش دەکات هێندە زۆرە. ئێستا تەماتە بە کەمی هەناردە دەکرێت، چونکە کەمێک تەماتەی نێوخۆی عێراق ماوە. پێم وایە لە هەفتەی داهاتووەوە تەماتەی زۆر زیاتر هەناردە دەکرێت." 
 
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر 10 هەزار و 600 مۆڵەتی بە جووتیارانی هەولێر کوردستان داوە بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ساخی بکەنەوە. بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر گوتی، ئێستاش رۆژانە نزیکەی 200 مۆڵەت دەدەنە 200 بارهەڵگر بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەوێ ساخی بکەنەوە.
 
سلێمانی و هەڵەبجە: رۆژانە 180 بۆ 200 بارهەڵگر بەرهەمی خۆماڵی هەناردە دەکرێت 
 
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پارێزگای سلێمانی ئاستی خۆبژێوییمان لە هێلکە، پەلەوەر، تەماتە، خەیار، کوولەکە و گەنم تێپەڕاندووە." 
 
جووتیار خالید گوتی، رۆژانە نزیکەی 180 بۆ 200 مۆڵەتی هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەدەنە بارهەڵگری جۆراوجۆر کە بەرهەمی نێوخۆی سلێمانی و سنووری شارەزوور و هەڵەبجە بگوازنەوە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
كشتوکاڵی دهۆک: رۆژانە زیاتر لە 350 مۆڵەت بۆ هەناردە دەدەینە جووتیاران
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شووتی، تەماتە، خەیار و پەتاتەدا ئاستی پێداویستی نێوخۆیان تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان دەکەن.
 
ئەحمەد جەمیل گوتی، رۆژانە بە نزیکەی 350 بۆ 400 مۆڵەتپێدان بۆ بارهەڵگرەکان دەکەن کە بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. 
 
مریشک و هێلکە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت
 
جگە لە سەوزە و میوە، مریشک و هێلکەش لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرێمی کوردستان ئاستی خۆبژێوی لە هێلکە و مریشک تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی دەکات؛ هەروەها چەندین کارگەی دروستکردنی ئالیک دانراون و زیاتر لە بەرهەمی نێوخۆ بەرهەمیان هەیە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی دەکەن." 
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، هەرێمی کوردستان رۆژانە حەوت هەزار کارتۆن هێلکەی پێویستە، بەڵام 13 هەزار کارتۆن بەرهەم دەهێنێت و ئەو شەش هەزاری دەمێنێتەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت. 
 
هەروەها هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشكە، بەڵام زیاتر لە 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە 100 هەزار تۆنی هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە