فینلەندا؛ کوردێک لە پاشماوەی قاوە داری سووتەمەنی دروست دەکات

12-07-2025
هێمن عەبدوڵڵا
بەهێز کەریم خەڵکی شاری سلێمانییە.
بەهێز کەریم خەڵکی شاری سلێمانییە.
A+ A-
ووداو دیجیتاڵ

زۆربوونی جەنگەکان وایکردووە کەمتر باسی ژینگە و وزەی خاوێن بکرێ، بەڵام ئەو کەسانەی بیری لێدەکەنەوە و ئیشی باشیشی بۆ دەکەن بەردەوامن. یەکێک لەوانە کوردێکە لە فینلەندا خوێندنی تەواو کردووە و شتێکی سەرنجڕاکێشی دۆزیوەتەوە. 
 
بەهێز کەریم، گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانییە لە وڵاتی فینلەندا کار لەسەر پڕۆژەیەکی ژینگەیی گرنگ دەکات و دەیەوێت لەڕێگەی زانستی "بایۆئیکۆنۆمی"یەوە، پاشماوەی قاوە، کە یەکێکە لە زۆرترین ئەو پاشماوانەی لەو وڵاتە فڕێ دەدرێت، بکاتە سەرچاوەیەکی وزەی سوودبەخش.
 
بەهێز کەریم، لە شاری هێلسنکیی پایتەختی فینلەندا دادەنیشێت و ئەندازیاریی ژینگە دەخوێنێت، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە رایگەیاند، پڕۆژەکەیان بە ناوی "T Seven Percent Coffee Waste and Biodegradable Ingredients" هەیە و ئامانجیەتی چارەسەرێکی کرداری بۆ کێشەی فڕێدانی تڵپەی قاوە بدۆزێتەوە و بیکاتە سووتەمەنییەکی پاک.
 
سەبارەت بە ژیان و گەشتی خوێندنی، بەهێز کەریم دەڵێت، "من خەڵکی دەڤەری شارباژێڕم و لە شاری سلێمانی لەدایکبووم، بۆ مەبەستی خوێندن هاتوومەتە دەرەوەی وڵات، سەرەتا ساڵێک لە ئەڵمانیا بووم، دواتر لە زانکۆیەکی فینلەندا وەرگیرام و ئێستا نزیکەی 6 ساڵە لێرە نیشتەجێم."
 
بەهێز پسپۆڕییەکەی بە "ئەندازیاریی ژینگە یان بایۆئیکۆنۆمی" پێناسە دەکات و دەڵێت، "کورتەی بوارەکەمان ئەوەیە چۆن دەتوانین پاشماوەکان و ئەو کەرەستانەی فڕێ دەدرێن، دووبارە بەکاربهێنینەوە و ژیانێکی نوێیان پێ ببەخشین."
 
بیرۆکەکە چۆن سەری هەڵدا؟
 
فینلەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دانیشتووانەکەی ساڵانە زۆرترین بڕی قاوە لەسەر ئاستی جیهان بەکاردەهێنن، بەپێی ئامارەکان هەر تاکێکی فینلەندی ساڵانە نزیکەی 12 کیلۆگرام قاوە دەخواتەوە، ئەمەش وایکردووە بڕێکی زۆر لە پاشماوەی قاوە رۆژانە فڕێ بدرێت.
 
بەهێز کەریم ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی پڕۆژەکەیان لە پڕۆژەیەکی خوێندنی زانکۆوە سەرچاوەی گرتووە و دەڵێت، "لە زانکۆ داوامان لێکرا پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی 'شارێکی نموونەیی' ئامادە بکەین، شارێک کە هیچ جۆرە زبڵ و خاشاکێکی تێدا فڕێ نەدرێت و هەموو کەرەستەکان بەکاربهێنرێنەوە، لە کاتی توێژینەوەدا بۆمان دەرکەوت کە لە فینلەندا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 5 ملیۆن و نیوە، بڕێکی خەیاڵی قاوە بەکاردەهێنرێت و زۆربەی پاشماوەکەشی بەفیڕۆ دەچێت."
 
لەوێوە بەهێز و تیمەکەی بڕیار دەدەن کار لەسەر ئەم کێشەیە بکەن و چارەسەرێکی داهێنەرانەی بۆ بدۆزنەوە.
 
لە تڵپەی قاوەوە بۆ "داری سووتەمەنی"
 
پڕۆژەکەی بەهێز کەریم بریتییە لە کۆکردنەوەی تڵپە و پاشماوەی قاوە لە کافێ، رێستۆرانت و ماڵەکان، پاشان لەڕێگەی پرۆسەیەکی میکانیکی و کیمیایی سادەوە، دەیگۆڕن بۆ جۆرێک لە سووتەمەنی رەق کە لە شێوەی "داری سووتەمەنی" یان  (Pellets)دایە و دەتوانرێت بۆ گەرمکردنەوە بەکاربهێنرێت.
 
ئەو گەنجە کوردە دەشڵێت، "ئێمە دەمانەوێت ئەو قاوەیە کۆبکەینەوە و ژیانێکی تری پێ ببەخشین، لەبری ئەوەی ببێتە بارگرانی بەسەر ژینگەوە، دەیکەینە سەرچاوەیەکی وزەی پاک کە جێگرەوەیەکی باشی سووتەمەنییە تەقلیدییەکان بێت."
 
ئەم گەنجە کوردە هیواخوازە لە داهاتوودا پڕۆژەکەیان فراوان بکەن و بتوانن لەسەر ئاستێکی بازرگانی کار بکەن، نەک تەنیا لە فینلەندا، بەڵکو لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە کێشەی هاوشێوەی تێدایە، وەک خۆی دەڵێت، "ئەمە تەنیا سەرەتایە و لە داهاتوودا گوێبیستی هەواڵی زیاترمان دەبن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە