رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان پەرتەوازە بوون. پارتی ئامادە نییە بەشداری بکات و یەکێتی دەڵێت، بایکۆت چارەسەرەکە دوا دەخات.
پەرلەمانتارانی پارتی وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئامادە نین بەشداری دانیشتنەکان بکەن. مەرجیان ئەوەیە کۆبوونەوەکان تەرخانبکرێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخەی کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "شەرمە بچینە کۆبوونەوەیەک، کە یەکێک لەو پرۆژەیاسایانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکات تەندروستیی دەروونییە، فەرمانبەرێک 70 رۆژە مووچە وەرنەگرێت یانی لە رووی دەروونیەوە کاریگەری لەسەر تێکڕای کۆمەڵگەی کوردستان دروست کردووە. بچین بەشداری دانیشتنی چی بکەین یان پرۆژەیاسای توتن و نازانم هەندێک یاسایان هێناوە بەڕاستی من هەر بۆ خۆم شەرم دەکەم بچمە کۆبوونەوەی وا لەکاتێکدا خەڵک بێ پارەیە."
یەکێتی و فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردستانی پێچەوانەی پارتی قسە دەکەن، بەلای ئەوانەوە بەشداریکردن لە دانیشتنەکان باشترە و بایکۆت رێگە چارەکان دوورتر دەکاتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "مانەوەمان لە پرۆسەی سیاسی گرنگە، لەبەرئەوەی ئێمە هیچ بەدیلێکمان نییە، جگە لەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر مێزی گفتوگۆ، بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا بکرێت، بۆیە لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر بێت و پاشەکشە بکەین لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بەدیلمان نییە. ئەو کاتە ماڵ وێرانی هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەم بۆ مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست ئەکەین چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق .
زیاتر لە 70 رۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەغداوە خەرجنەکراوە هەرچەندە بۆ رێکەوتن پرسەکە بە لیژنەیەکی وەزاری حکومەتی عێراق سپێردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا یەک کۆبوونەوەیان کردووە و نەگیشتونەتە ئەنجام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ