کوردستان
وێنەی ئاسک، بێچووە ئاسک و سووچەڕێک کە لەلایەن کەسێکەوە لە سنووری گەرمیان راو کراون. وێنەکە کۆنە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 1000 راوچی لە ناوچە جیاوازەکان دەستگیر دەکرێن. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، زۆرترین ئاسک و راوچی لە سنووری هەولێر و گەرمیانن.
فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێزەکانمان لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 66 بنکەوە رێگری لە راوچییەکان دەکەن."
فوئاد زراری دەڵێت، راوکردن لە هەموو هەرێمی کوردستان بەردەوامە و زۆرینەی راوچییەکان هەوڵی راوکردنی ئاسکە کێوییەکان دەدەن.
بەگوتەی فوئاد زراری، "زۆرترین ئاسک و ئاژەڵی کێوی لە دەشتی هەولێر و سنووری گەرمیان و سەرتەکی بەمۆن، هەربۆیە زۆرترین راویش لەو ناوچانە دەکرێت."
لەبارەی پارێزگاکانی دیکەش، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە هەڵەبجەش راوچی هەن و راوکردن هەیە، بەڵام کەمترە لە هەولێر و گەرمیان؛ لە سلێمانی و دهۆک کەمترین راوچی دەستگیر دەکرێن."
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی داراستانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 9 بەڕێوەبەرایەتییەوە لە شارەکان کارەکانی رێگری لە راوکردن بەڕێوە دەبات.
بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن، راوچیی هەیە چەندین جار دەستگیرکراوە و زوو ئازاد کراوە. لەو بارەیەوە فوئاد زراری گوتی، "ئەوەی ئەرکی ئێمەبێ دەستگیرکردنی راوچییەکانە و ناردنیانە بۆ دادگە و بەردەم داوەر، ئازادبوون لە دەستی دادوەردایە."
فوئاد زراری گوتی، "ساڵانە زیاتر لە هەزار راوچی دەستگیر دەکرێن؛ ساڵ هەبووە دەستگیرکردن گەیشتووەتە دوو هەزار راوچی."
ئەو کەسانەی وەکو راوچی دەستگیر دەکرێن بەگوێرەی راوکردنەکە سزا دەدرێن.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، "سزاکان بەگوێرەی جۆری باڵندە و ئاژەڵەکان دیاریکراون و کەمترینیان 40 هەزار دینارە؛ باڵندەمان هەیە راوکردنیان لەژێر هێڵی سووردایە سزای راوکردنەکەی دەگاتە 12 ملیۆن دینار؛ جۆرێکی ئاسکیش لە هەرێمی کوردستان هەیە راوکردنی سزاکەی 25 ملیۆن دینارە."
ئەو سزایانەی زراری باسی کرد، بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستانە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "هەندێک جار ئەوانەی بە تۆمەتی راوکردن دەستگیردەکرێن بە یاساکانی هەرێمی کوردستان دادگایی ناکرێن و داوەر بە یاسای سزادانی عێراقی کەیسەکە وەردەگرێت و بە سزایەکی سووک راوچییەکان رزگاریان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ