رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023ـەوە شەپۆلێکی گەرما بەشی زۆری باکووری کوردستان دەگرێتەوە و سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی ئەو وڵاتەش- ئافاد داوا لە هاونیشتمانییانی نەخۆش و بەساڵاچوو دەکات لە کاژێر 11 تاوەکو 16 لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، رۆژی 13ی ئاب شەپۆلێکی گەرما بەشی زۆری باکووری کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێن پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 45 پلەی سیلیزی.
پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە پارێزگای رووها بە نزیکەی 45-46 پلە گەرمترین پارێزگای باکووری کوردستان بێت؛ دواتر هەردوو پارێزگای ئامەد و ئێلیە دێن بە نزیکەی 43-45 پلە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە هەیە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە دیلۆک و سەمسوور بگاتە نزیکەی 40-44 پلە، لە دێرسم و شرنەخ بگاتە نزیکەی 40-41 پلە، لە مووش 38-39 پلە بێت و لە جۆلەمێرگ 34-37 پلە دەبێت.
دەزگای ئافاد-یش هۆشداری هاونیشتمانییانی نەخۆش و بەساڵاچوو کردووە کە لە کاژێر 11 تاوەکو 16 لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە هاونیشتمانییان خواردنی قورس و چەور لە ژەمی نیوەڕۆدا نەخۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ