رووداو دیجیتاڵ
خالید شوانی، دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەر دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر، سەروەریی "سیادە" پەیوەندیان پێکردن و داوای رێکەوتنیان کرد. دەشڵێت، رەوا نییە، ئەو برایانە ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوە بە "ناپاک" تۆمەتبار دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-08-2024، خالید شوانی، دانوستاندنکاری یەکێتی لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک روونکردنەوەیەکی لەبارەی رێڕەوی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتەکە بڵاوکردەوە.
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
خالید شوانی دەڵێت: "ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی کە بەشداری کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار و جێگرەکەیان کردووە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی ناڕەوا بوونەتەوە لە ژێر دروشمی بەرگری لە مافی پێکهاتەکە، هەندێک کەسایەتی سیاسیی سەرۆکایەتی هەڵمەتەکە دەکەن، کە هیچ بەهایەکی مرۆیی و ئاکاریی نییە، کە برایانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە ناپاک ناودەبەن. لەکاتێکدا هەر ئەمانە لە چەند کەناڵ و کاتێکی جیاوازدا داوای دانوستاندن و رێککەوتنیان لەگەڵماندا کردووە بەتایبەتی دوای بێ هیوابوون لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی زۆرینەی رەها".
خاليد شوانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی چەند نمویەک دەهێنێنەوە و دەڵێت "برا و دۆستم حاجی خالید مەفرەجی پەیوەندی پێوەکردم بە دیاریکراویش ئێوارەی چواری مانگی هەشت، دوای کۆبوونەوەکەیان لە هەولێر (مەبەست کۆبوونەوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب تورکمان)، وەک هەمیشە دۆستانە بوو، دوای پرسیارکردن لە دۆخی تەندروستیم، منیش بە گاڵتەوە پێمگوت تاوەکو پیلانگێڕییەکانت سەرکەوتوونەبی، من باشم".
شوانی دەڵێت، "بە کورتی پەیامی فەرمی سەروەریی سیادەی لە برا شێخ خەمیس خەنجەر پێڕاگەیاندم، بەوەی دەیانەوێت دەرگای دانوستاندنیان لەگەڵ بکەنەوە. منیش پێمگوت ئێمە رۆڵەی مام جەلالی-ین گفتوگۆ رەتناکەینەوە؛ بەڵام گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەن هەیە لە پێکهاتەی عەرەبی و رێزی لێدەگرین، نابێت دوور لەوان گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە بکەین".
خالید شوانی، کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیە دەڵێت، "خالید مەفرجی ئامۆژگاری کردین کە دانوستاندن پێویستە لەگەڵ سەروەریی سیادە بکرێت، کە چوار کورسی هەیە، نەک لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن تاک بە تاک. پێیڕاگەیاندم مادام ئێوە رێککەوتنتان لەگەڵ ئەوانی دیکە هەیە، ئێمەش لەگەڵ ئێوە رێکدەکەوین، بۆ دڵنیابوون جارێکی دیکە لێم دووپاتکردەوە، کە ئەمە پەیامی فەرمییە، ئەویش دووپات و جەختی لەسەر کردەوە".
سەبارەت بە وەڵامی ئەوان بۆ داواکەی سەروەری، خالید شوانی دەڵێت: "پێم راگەیاند لەگەڵ سەرکردایەتی حیزب راوێژ دەکەین و لە پەیوەندیدا دەبین. بۆ بەڵگەکردن لەسەر ئەم پەیامە لە سەرکردایەتی یەکێتیی راوێژم کرد. هەروەها سەرکردەکانی دیکەی پێکهاتەی عەرەبییم لەسەر ئەم پەیامە ئاگادارکردەوە".
خالید شوانی، کە وەزیری دادە لە حکومەتی عێراقی دەشڵێت، "پەیامێکی دیکە بە سەرکردایەتی حیزب گەیشت بە دیاریکراوی لە رێگەی برام ئاسۆ مامەند، ئەویش لە رێگەی ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە بایکۆتی کۆبوونەوەیان کردبوو".
هەروەها "پەیامێکی دیکەش لە کەسایەتییەکی دیاری عەرەبی لە کەرکووک گەیشت، بەوەی بەڕێز راکان سەعید عەلی رازیییە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێ، هانی داین کە رێککەوتن لەگەڵ سەروەریی" سیادە" باشترە لەوەی رێککەوتن لەگەڵ ئەندامانی دیکە بە جیا بکرێ".
خالید شوانی پێیوایە: "رەوا نییە، ئەو برایانە ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوە بە "ناپاک" تۆمەتبار دەکەن، ئەوەی بۆ ئەوان رەوایە بۆ ئەوانی دیکەش رەوایە. ئەم دۆخە و ئاراستەی سەروەریی (سیادە) بۆ پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە، وایکرد نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی ئامادەی کۆبوونەوە بن".
بەگوتەی شوانی، "رێککەوتنشیان تەنیا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بە هەموو توانایەکەوە بەرگرییان لە مافی پێکهاتەی عەرەبی کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ