رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، شین و گریانی کەسوکاری سیرین عوسمانە، ئەو گەنجە 33 ساڵییەی رواندز کە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
باوکی سیرین لەگەڵ گیانلەدەستدانی کوڕەکەی پرسەی دوو کوڕی دیکەشی بۆ نوێبووەتەوە کە یەکێکیان لەپێناو رزگارکردنی ژنە گەشتیارێکی عەرەب خنکاو ئەوی دیکەشیان لەکاتی هاوکاریکردنی شوفێرێک بووە قوربانی.
عوسمان سەعید، باوکی سیرینە و دەڵێت، "برادەرێکی کوڕەکەم کەلوپەلی ماتۆڕی پێویست بووە لە هەولێر و داوای کردووە کوڕەکەی من لەگەڵی بچێت و هاوکاری بکات، لەڕێگا تووشی ئەو رووداوە بوونە، کاژێر 4ـی بەرەبەیان بە منیان گوت رووداوەکە روویداوە، کوڕێکی دیکەشم هەر بەو جۆرە لەکاتی هاوکاریکردنی خەڵک بە رووداوی ماتۆڕ گیانیلەدەستدا. یەکی دیکەش بۆ ژنە عەرەبێک گیانی بەختکرد، ئەوە هەرسێکیان لێرە لە تەنیشت یەک دەنێژین و لێرە دەبنەوە درواسێی یەکدی."
چیرۆکی گیانلەدەستدانی سێ برا، لە سێ کاتی جیاواز و بە ئامانجی هاوشێوە، کە ئەویش بە هاناوەچوون و هاوکاریکردنی خەڵک بوو لەو دەڤەرە دەنگدانەوەی زۆریبەدوای خۆیدا هێنا، لەڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەکەشیدا خەڵکێکی زۆر ئامادەبوون.
عەلی ئیسماعیل، کەسوکاری کۆچکردووەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئاماژەی چاکەی ئەو گەنجەیە کە ئینسانێکی زۆر باش بوو لەگەڵ خەلک رووخۆشبوو موسڵمان و ئیماندار بوو خاوەن لوتفێکی جوان بوو بۆیە ئەو خەڵکە بۆی خرۆشاوە و بەو گەرمایە هاتوون و لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەزیەتیان کێشاوە."
سیرین گەنجێکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو و بە گەنجە قسەخۆشەکەی رواندز ناسرابوو؛ خێزاندار بوو و لەدوای خۆی کچ و کوڕێکی بەجێهێشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ