رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر شکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چاککرایەوە.
بۆرییەکە لە گەڕەکی هەولێری نوێ شکابوو. ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئاب ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئیفراز سێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆرییەکە چاککرایەوە و بە چەند قۆناخێک پەمپەکانی پڕۆژەکە دەخرێنەوە کار."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بۆ رووداو، گەیشتنەوەی ئاو بە گەڕەکەکان چەند کاژێرێکی پێویستە، زۆرینەی ئەو گەڕەکانەش لەسەر پڕۆژەکەن ئەمڕۆ ئاو ناگاتەوە ماڵەکانیان.
6ی ئەم مانگە جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکابوو، دوای کەمتر لە 24 کاژێر بۆرییەکە چاککرایەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر دەبەستێت، کە 20ـی تەمموزی ئەمساڵ کرایەوە.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ