رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی راپەڕین ئاشکرای دەکات، لە 7 مانگی رابردوودا زیاتر لە 5000 گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، کە 1100ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون. هۆکاری سەرەکیی کۆچیش بۆ "بێکاری و بێزاری" دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-08-2025 بەختیار حەسەن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی راپەڕین، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، کۆچی گەنجان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و دەڤەری راپەڕین زۆرترین رێژەی کۆچی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.
بەختیار حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لەدوای ساڵی 2000ەوە لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، زیاتر لەبەر بێکاری و بێزارییە. گەنج حەز دەکات شوێنێک هەبێت بتوانێت خولیاکانی تێدا بهێنێتەدی، بەڵام کاری نییە و بێزارە. بەداخەوە گەنج لە هەرێمی کوردستان کەمتر دەخوێندرێتەوە و ناچار رێگەیەکی پڕ مەترسی و قوربانی هەڵدەبژێرێت."
سەبارەت بە هۆکاری زۆریی رێژەی کۆچ لە دەڤەری راپەڕین، بەڕێوەبەری لاوانی ئەو دەڤەرە گوتی، "دەڤەری راپەڕین گەنج و لاوێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە، دەرچووی دانەمەزراوی زۆرە و هەلی کاری کەمترە. کەمتر کۆمپانیا و رێکخراوە نێوخۆیی و بیانییەکان روویان لە دەڤەرەکە کردووە، ئەمەش وایکردووە زۆرترین رێژەی کۆچ و زۆرترین قوربانیش لەو دەڤەرە بێت."
بەختیار حەسەن ئاشکرای کرد کە پرۆژەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەنجان پێشکێشی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا هەندێک هەنگاو نراون. گوتیشی، "بەهۆی ئەو کارئاسانیانەوە، چەند رێکخراوێکی بیانی هاتوونەتە دەڤەرەکە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 گەنج هەلی کاریان بۆ رەخساوە، بەڵام ئەمە لە ئاستی داواکاریی هەموو دەڤەرەکەدا نییە."
لەبارەی ئاماری گەنجانی دەڤەرەکەوە، بەڕێوەبەری لاوانی راپەڕین رایگەیاند، "لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5000 گەنج و لە دەڤەری راپەڕین 1100 گەنج لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا کۆچیان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ