رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، ئەنجامەکانی کۆنگرەی پێنجەم دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تانە لە ئەنجامەکە دراوە و دەنگەکان دەژمێردرێنەوە.
رۆژی 19ی تەممووز، کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژی خایاند.
لە کۆنگرەکەدا، 29 ئەندامی سەرکردایەتی و 4 ئەندامی یەدەگ هەڵبژێردران. بەڵام ئەنجامەکە بە دڵی بەشێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە نییە و تانەی لێدراوە.
"تانەکان ئەنجامی کۆنگرە دەگۆڕن"
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە، هەموو ئەندامان مافی تانەدانیان لە ئەنجامی کۆنگرە هەیە. سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، تانە لە ئەنجامی کۆنگرە دراوە و جارێکی دیکە دەنگەکان دەژمێردرێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دوای ژماردنەوەی دەنگەکان، بە ئەگەرێکی زۆر گۆڕانکاری روودەدات و هەندێ ئەندامی دەرنەچوو دەردەچن و دەچنە شوێنی بەشێک لەوانەی کە دەرچوون.
ئەندامێکی سەرکردایەتی: لەنێو خۆماندا کێشەکان چارە دەکەین
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی دەرچووی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کاژێر 10:00ی ئەمڕۆ لە هەولێر دەستیپێکردووە و "نیگەرانی هەیە".
ئەحمەد حاجی رەشید گوتی، ئەو تانانەی کە باسکراون، یاسایی نین و "لەنێو خۆماندا کێشەکان چارەسەر دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیار دەدات کە چی بکرێت.
کۆمیسیۆن: لە رێژەی ژناندا کێشە هەبوو
هەرچەندە تانە لە ئەنجامی کۆنگرەکە دراوە، بەڵام نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، لە ئەنجامی رێژەی ژنان کێشەیەک هەیە، ئەویش چارەسەر دەکرێت.
هاوکات مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لای ئێمەوە کۆنگرە بەبێ کێشە بەڕێکراوە و ئەگەر کێشەی نێوخۆییان هەبێت پەیوەستە بە خۆیانەوە."
ناڕەزایەتییەکان کۆبوونەوەی سەرکردایەتییان دواخست
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "چەند ئەندامێکی هەڵبژێردراو و هەڵنەبژێردراو هەن دەنگەکانیان لە یەک بۆ 8 دەنگ جیاوازە، ئەوانەی دەرنەچوون تانەکانیان داوە".
لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، عەلی باپیر جارێکی دیکە بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری هەڵبژێردرایەوە. بەرپرسانی حیزبەکە جەخت دەکەنەوە: "هیچ کەس تانەی لە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک نییە و رکابەریشی نەبووە لە کۆنگرەدا".
بەهۆی تانەدان لە ئەنجامەکان، سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان نەیتوانی تاوەکو ئەمڕۆ کۆببێتەوە بۆ پەسندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامەکان.
دەبێت سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵ دوای کۆنگرە کۆببێتەوە، ناوی سیانی ئەندامانی سەرکردایەتی، ژمارەی دەنگەکانیان و پەیڕەوی نێوخۆیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بە پەسندکراوی ئاراستەی کۆمیسیۆن بکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکیان نەداوەتە کۆمیسیۆن.
لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵ دا، هەریەکە لە عەمید بەختیار و ئەحمەد رەشید، مۆڵەت بوون و بەشدارییان نەکرد.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەو حیزبە کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ