رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری بارانی بەلێزمە و لافاو لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. دەشڵێت ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە سایتی فەرمیی خۆیدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، 13ی ئەیلوولی 2023 لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لەبارەی لێزمەباران و لافاو دەدات. دەشڵێت پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، سێواس، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، وان، شرنەخ، جۆلەمێرگ، بەدلیس، مووش، چەولیگ، ئاگری و ئیدیر دەگرێتەوە.
هاوکات، دەزگای ئافاد بە پشتبەستن بەپێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، داوا لە هاونیشتمانیانی ئەم چەند پارێزگایەی باکووری کوردستان دەکات، بەتایبەتی گوندنشینەکان لە ئەگەری روودانی لافاودا بچنە سەربانی ماڵەکانیان.
دەزگای ئافاد، ئامادەباشیی خۆیشی راگەیاندووە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ شارەوانییەکان و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەپێی پێویست بەهانای خەڵک دەچن لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو بەهۆی لێزمەباران و ئەگەری روودانی لافاوەکاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیش دەکات، پلەی گەرما لەم ناوچانە لە کاتی بەرەبەیانەوە زیاتر دادەبەزێت و شەپۆلی بارانبارینەکەش تاوەکو 13ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ