لە دوو رووداوی هاتووچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

12-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە چەمی رێزان لە سنووری سلێمانی، دوو منداڵ گیانیان لە دەستدا و چوار كەسی دیكەش بریندار بوون. هەروەها، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە قەزای سۆران، مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024، بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 11:00 روویداوە، کە ئۆتۆمبێلێک لە رێگای شاخی گەورەدێوە بەرەو چەمی رێزان هاتووەتە خوارەوە، لەناکاو شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە”.
 
گوتیشی، "لە رووداوەكە دوو منداڵی تەمەن پێنج ساڵ و 10 ساڵ گیانیان لە دەستداوە، چوار كەسی دیكەش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن”.
 
ئاماژەی بەوەش كرد، "تەرمەکان نێردراونەتە دادپزیشکی سلێمانی و بریندارەكانیش رەوانەی نەخۆشخانەی حاجیتان کراون و تەندروستییان تا رادەیەک جێگیربووە".
 
لە لایەکی دیکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر نزیکەی 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی رووداوێکی ھاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تۆیۆتا و بارهەڵگرێک، لە رێگای نێوان خەلیفان - سپیلک، مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون".
 
مێردمنداڵەکە ناوی، ئەیوب محەممەد نەجمەدینە و تەمەنی 14 ساڵە کە سەرنشینی پیکابەکە بووە، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی سۆران کراوە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان گوتی، "تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کراوە، شەش بریندارەکەی دیکەش دۆخیان جێگیرە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە