رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پارێزەر هەرێم رەفعەت، کە پارێزەرێکی خۆبەخشە بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە. سەرپەرشتیاری تیمی پارێزەرانی خۆبەخشیش دەڵێت: "ئەمڕۆ ویستوومانە بیبینین، بەڵام رێگەمان پێنەدراوە."
رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، هاوڕێیەکی پارێزەر هەرێم رەفعەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرێم لە ئێوارەی دوێنێوە دیار نەماوە؛ دواتر زانیمان لە ئاسایشی گشتیی هەولێر دەستبەسەرە و نازانین بۆچی دەستگیرکراوە."
هەمان رۆژ پارێزەر بەشدار حەسەن، سەرپەرشتیاری تیمی پارێزەرانی خۆبەخش بە رووداوی گوت: "هەرێم لە رانیە داوایەکی یاسایی هەبووە و چووە بۆ ئەوێ؛ کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتییەوە دەستگیرکراوە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایشی گشتییەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، "هەرێم رەفعەت لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانەوە دەستگیرکراوە و بەبڕیاری دادوەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش دەستبەسەرە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر."
هەو لەوبارەوە، ئەمڕۆ بەشدار حەسەن گوتی: "بەدیاریکراوی نازانین بۆچی دەستگیرکراوە، ئەمڕۆش ویستوومانە بیبینین، بەڵام رێگەمان پێنەدراوە."
تیمی پارێزەرانی خۆبەخش لە شاری هەولێر لە چەند پارێزەرێک پێکهاتوون؛ دیارترین کاریان وەرگرتنی کەیسی چەند هاونیشتمانییەکی دەڤەری بادینان بوو کە بە ماددەی جیاواز لە دژیان سکاڵا تۆمارکرابوو، بەشێکیان حوکم دران و بەشێکی دیکەشیان کەیسەکانیان یەکلانەبووەتەوە و چەند کەسێکیشیان ئازادکران.
هەرێم رەفعەت یەکێک بوو لە پارێزەرانی خۆبەخشی گیراوانی بادینان و چەند کەیسێکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ