رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک کاتیۆشا هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر و هیچ زیانێکی گیانی بەو هۆیەوە نەکەوتووەتەوە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە، دەشڵێت، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەکە بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە، 12-10-2022، د. ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییەی ئەمڕۆ کرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز لە شارۆچکەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمشەو هێرشێکی مووشەکی بە کاتیۆشا کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، کەسیش بریندار نەبووە، زیانی دارایی هەبوون، بەڵام کەمن، لەگەڵ ئەوانەشدا کێڵگەکە هیچ کاریگەر نەبووە بەو هێرشە و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کۆرمۆر بەردەوامە."
کاژێر 7:35ـی ئەمشەو بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەپێی زانیارییەکانی رووداو 3 لە کاتیۆشاکان تەقیونەتەوە و پێنجیان نەتەقیونەتەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە ماوەی 72 کاژێردا سێجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دوای هێرشەکان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی پێشمەرگە و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسە سەربازییەکان سەردانیان کرد، دڵنیاییان لە پاراستن و بەردەوامی لە بەرهەمهێنانی گازدا. ئێستاش هێزەکانی پێشمەرگە لە دووریی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر لە کێڵگەکەوە سەنگەریان لێداوە.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 450 ملیۆن پێ سێجا گاز و هەزار و 100 تۆن گازی ئێڵ پی جی و 16 هەزار بەرمیل کۆندێسەنی هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. رۆژی 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەوکات رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش گوتی، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە کە یەکەمجار مووشەکی لێوە ئاراستە کرا. رۆژی شەممەش 25-6-2022 بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ