رووداو دیجیتاڵ
کردنەوەى دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ لەدایکبووانى ساڵى 2006 کرایەوە، بەڵام تۆمارکردنەکە تەنیا ئەو لەدایکبووانە دەگرێتەوە کە لە دوو مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا لەدایکبوون.
رۆژی 10ى تشرینى یەکەمی 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى تۆمارى دەنگدەرانى بۆ لەدایکبووانى ساڵى 2006 لە هەرێمى کوردستان کردەوە بە مەبەستى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، ئەو پرۆسەیە تەنیا لەدایکبووانى مانگەکانى کانوونى دووەم و شووباتى ئەو ساڵە دەگرێتەوە کە تەمەنیان بەر لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەگاتە 18 ساڵ.
بڕیارە لە 25ى شووباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەو پێیەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کەوتووەتە ساڵى 2024، لەدایکبوانى ساڵى 2006 دەتوانن بەشداربن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت تەنیا لەدایکبووانى ساڵى 2005 زیاد دەکرێن."
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتیشى، "پێشتر لەڕێگەى کردنەوەى دەرگاى تۆمارى دەنگدەران لە هەرێمى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، 310150 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، کە بەشێکیان لەوانەن کە یەکەمجارە مافى دەنگدانیان دەبێت."
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافى دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ