رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 18 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە سێ رۆژدا 109 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 18 سەرباز کوژراون و چوار سەرباز برینداربوون و گورزیان لە دوو پێگەیان داوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە دوایین راگەیێندراویدا بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 1 و 3 و 4ی تشرینی یەکەمی 2023دا لە رێگەی 12 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییدا لە هەرێمی کوردستان 55 پێگەی پەکەکەیان بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا 109 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 703 گەریلا و کوژرانی 107 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 22 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 386 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ