رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێ. وەزیری شارەوانی دەڵێ، زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و رۆژانە توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی جێبەجێکردنی هێڵی سێیەمی پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژۆکرا.
ساسان عەونی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند: ''پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتە و بە جێبەجێکردنی، کێشەی لەمێژینەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەبێ.''
هەردوو هێڵی یەکەم و دووەمی پڕۆژەی ئاوی دووکان- سلێمانی، بەراورد بە پێویستیی دانیشتووانی شارەکە، کورتهێنانی ئاویان هەیە. وەزیری شارەوانی گوتی: ''ئێستا پێویستیی ئاوی سلێمانی 437 هەزار و 500 مەتر سێجایە لە رۆژێکدا، بەڵام بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو لەو دوو پڕۆژەیە، 192 هەزار و 984 مەتر سێجایە کە 33 هەزار مەتر سێجای دەدرێتە چەمچەماڵ و ناوچەی بازیان.''
بەگوتەی ساسان عەونی، ئەو پڕۆژە نوێیەی ئاو، توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێ و ''پڕۆژەیەکی درێژ مەودایە کە بۆ 25 تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو، کێشەی کەمئاویی سلێمانی چارەسەر دەکات.''
پڕۆژەکە بەگوژمەی 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێ. وەک ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''لە هەر کوێ پێویست بێ، حکومەت بڕیاری داوە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی ئاو جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی گرفتی کەمئاوی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو چارەسەر بکرێت.''
پڕۆژەکە لە چەند بەشی گرنگی وەک وەرگری ئاو لە رووباری زێی بچووک، وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاو بە توانای 480 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا، دوو وێستگە بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتیی ئاو، هەروەها دوو هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو لە دووکانەوە بۆ سلێمانی کە درێژییەکەیان بەگشتی 112 کیلۆمەترە.
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای هابیکا جێبەجێ دەکرێ کە کۆمپانیایەکی نێوخۆییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ