رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ زیاتر لە 89 هەزار هاونیشتمانی داوایان کردووە بچنە حەج. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، بەشێکی ئەوانەی داوایان کردووە دووردەخرێنەوە و ئەم مانگە ناوی دەرچووەکان ئاشکرا دەکەن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وردبینیکردن لە ناوی ئەو کەسانە بەردەوامە کە داوایان کردووە بچنە حەج. لەکاتی وردبینیدا ناوی ئەوانە دەردەکرێ کە ئەم ساڵ چوونەتە حەج و دووبارە ناویان نووسیوە".
ئەوانەی ئەم ساڵ چوونەتە حەج و دەیانەوێ ساڵی داهاتوو بچنەوە حەج، تەنیا بەو مەرجە رێگەیان پێدەدرێ وەکو "مەحرەم" بچن، بۆ نموونە لەگەڵ هاوژین یان کچیاندا ناوی نووسی بێت.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "بەشێکی دیکە لەو کەسانەی داوایان کردووە بچنە حەج و ناوەکەیان دەردەهێندرێت ئەوانەن تەمەنیان زیاتر لە 70 ساڵە".
پشکی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 70 ساڵ زیاترە 7%ـی کۆی رێگەپێدراوانە. ئەم ساڵ بەشێکی ئەوانەی بڕیار بوو بچنە حەج و بەهۆی زۆری تەمەنەوە نەیانتوانیبوو، ساڵی داهاتوو گەشتەکە ئەنجام دەدەن.
کاروان ستوونی دەڵێ: "لە ناونووسینی ساڵی داهاتوودا دیسانەوە ئەوانەی تەمەنیان زیاترە لە 70 ساڵ دەتوانن ناو بنووسن و بچنە حەجی 2027، بەڵام ئەم ساڵ ناویان قبووڵ ناکرێت، چونکە رێژەی پێویستی 70 ساڵ ئامادەیە و جێگە نەماوە".
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشكرد، لەم مانگەدا لە رێگەی تیروپشکەوە ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێندرێ کە ساڵی داهاتوو دەچنە سعودیە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج.
ناونووسین بۆ چوونە حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 125 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ