رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە رواندز 51 مسقاڵ زێڕی هەبووە کە بەشێک لە زێڕەکان هی پێش هاوسەرگیریکردنی بووە، ئەوەی دیکەش بۆ بوکێنییەکەی بۆی کڕدراوە، نزیکەی 30 ملیۆن دیناریشی لە ماڵەکەی هەبووە، هەمووی لێ دزراوە.
رابی عەبدوڵڵا، تەمەنی 79 ساڵە و دانیشتووی رواندزە بە رۆژدا کەسێک بە ناوی کڕینی شت لە ماڵەکەی چووەتە ماڵەوە. رابی عەبدوڵڵا دەڵێت: سێ زنجیر کە لیرەن، ئەوانەی نۆلیرە نۆلیرە، لەگەڵ شەش تاکە بازن.. زێڕەکەم زۆر بوو لەناو لۆکەدا بوو بە لۆکەوە بردوویەتی و قتووەکەشی فڕێدابوو و پارەشی بردووە.
کوڕەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە ساڵی 2004وە وەک خزمەتگوزار لە شارەوانی رواندز دامەزراوە، هەموو ئەو مووچەیەی وەریگرتووە دزەکە بردوویەتی.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، نزیکەی 20 کەس سکاڵایان لای پۆلیسی رواندز و سۆران تۆمارکردووە و گوتوویانە، دز چووەتە سەر ماڵەکانیان.
پۆلیسی رواندز، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران و رواندز و هێزەکانی ئاسایش بە هەوڵەکانیان و یارمەتی کامێراکانی چاودێریی سەرەداوی دزەکانیان دۆزیوەتەوە.
بێوار میکائیل، بەرپرسی هۆبەی کامێرای پۆلیسی سۆران دەڵێت: بەشێوەیەکی زۆر شارەزاییانە [دزییەکان] کرابوون، بەڵام هەبوونی کامێرا و هەوڵی بەردەوامی هێزەکانمان وایکرد زوو دزەکان دەستگیر بکەین.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان تەمەنی 19 ساڵە و دانیشتووی قەزای کۆیەیە، منداڵێکی دوو ساڵانەشی هەیە و لە کاتی دزیکردنەکانیش پێی بووە. هەروەها پۆلیس پیاوێکی دیکەی دەستگیرکردووە کە تەمەنی 32 ساڵە و دانیشتووی کۆمەڵگەی شاوێسی هەولێرە؛ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 تۆمەتبارەکان راگیراون.
شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە رووداوی گوت: تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانی خۆیان ناوە کە لە کۆی 14 دزی نزیکەی 57 ملیۆن و 700 هەزار
دینار، سێ دەفتەر دۆلار لەگەڵ 78 مسقاڵ زێڕیان دزیوە.
تۆمەتبارەکان تەواوی زێڕەکەیان فرۆشتووە و کەمێک پارەیان لاماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ