رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی کەشناسیی ئێران پێشبینی دەکات لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران، کە هەورەبروسکە و بای لەگەڵ دەبێت، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بگرێتەوە، لە کوێستانەکان بەفر ببارێت و شەپۆلەکەش تاوەکو رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای کرماشان لەبارەی دابەزینی پلەکانی گەرما هۆشداری ئاستی پرتەقاڵیی راگەیاندووە و پێشبینی کردووە، بەفر و باران ببارێت و لە ناوچە کوێستانی و ساردەکاندا، سەهۆڵبەندان دەبێت.
هۆشداری پرتەقاڵیی بە مانای ئەوەیە بارینی بەفر و باران ئەگەری هەیە زیانی لێبکەوێتەوە و کاریگەریی نەرێنیی هەبێت، لە هۆشداری پرتەقاڵییدا دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدا بن.
سەعید قاسمی، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای کرماشان، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا "لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و شاخەوانیی زۆر زەحمەت دەبێت، دەبێت کەناڵەکانی ئاو و رێڕەوەکانی ئاو خاوێن بکرێنەوە".
کەشناسیی پارێزگای لوڕستانیش پێشبینی کردووە، بەهۆی باران بارینەوە، لافاو دروست ببێت و لە کوێستانەکان بەفر ببارێت.
بێهرووز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی لوڕستان، هۆشداری داوە لە هاتووچۆ و مانەوە لە قەراخ رووبارەکان.
لە پارێزگای سنەش کە لە دوو مانگی رابردوودا بەراورد بە پێشتر 50% کەمتر باریوە؛ کەشناسیی رایگەیاندووە، شەپۆلێکی باران ئەم پارێزگایە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دادەبەزێت.
کەشناسیی سنە بۆ رۆژی چوارشەممە پێشبینی دەکات باران ببارێت و لە ناوچە شاخاوی و بەرزەکانیشدا بەفر ببارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ