پشکنینى بەغدا بۆ گازى کۆرمۆر: بۆرییەکان بەرگەى زۆرى کبریتەکەى ناگرن

12-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیایەک وەک لایەنى سێیەم پشکنینى بۆ تایبەتمەندى ئەو گازە کردووە، کە بڕیار بوو حکومەتى عێراق لە کێڵگەى کۆرمۆرى چەمچەماڵ بیکڕێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە وێستگەى گازى تازە لە کەرکووک، سەرچاوەیەکی کۆمپانیاى نەوتى باکوور دەڵێت، بەپێی پشکنینی کۆمپانیایەکە، "بۆریى گواستنەوەى گازەکە و بزوێنەرى وێستگەکە بەرگەى ئەو بڕە کبریتە ناگرن، کە لە گازەکەدا هەیە".
 
 بەگوێرەى نووسراوێک، کە لە 15ى تشرینى یەکەمى 2023، وەزارەتى کارەباى عێراق ئاراستەى کۆمپانیاى سیمینسی ئەڵمانى کردووە کە کارپێکەرى وێستگەى تازەیە، ئاماژەى بەوەداوە، لەسەر بنەماى کۆنووسى کۆبوونەوەیەکى نێوانیان کە لە 10ى تشرینى یەکەم کراوە، ئەنجامى پشکنینى نموونەى گازى کێڵگەى کۆرمۆریان بۆ رەوانە دەکەن، کە لە تاقیگەی لایەنى سێیەم کراوە.
 
ئەو پشکنینە لە تاقیگەى کۆمپانیاى بۆرۆو ڤرێتاس کراوە؛ کۆمپانیایەکى فەرەنسییە و تایبەتە بە کواڵێتیى کۆنترۆڵ لە بوارى وزە، کۆمپانیاکە گرێبەستى لەگەڵ حکومەتى عێراقدا هەیە.
 
رۆژی 13ـی تەممووزى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە کە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە، وەزارەتى نەوتى عێراق لە 15ى تشرینى دووەمى 2023، ئاڕاستەى هۆبەى بەدواداچوون و بۆرییەکان و ئەمبارەکانى سەر بەو وەزارەتەى کردووە، وردەکارى تایبەتمەندیى گازى بەرهەمهێندراوى کێڵگەى کۆرمۆرى بۆ ناردوون کە لەلایەن کۆمپانیاى نەفت هیلالەوە بەرهەمدەهێندرێت.
 
 لە نووسراوەکەدا داوا کراوە، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرى تایبەتمەندییەکانى ئەو گازە بکەن لەسەر سیستمى بۆرییەکانى گواستنەوە لە بارێکدا، ئەگەر گاز بۆ وێستگەى گازیى کارەباى کەرکووک دابین بکرێت.
 
رۆژی 20ى تشرینى یەکەمى 2023، کۆمپانیاى نەوتى باکوور پڕۆژەى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گازى لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە تەواو کرد، ئەو هێڵە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا زیادبکات.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور کە نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجامى پشکنینەکە ئەوە بووە، ئەو گازەى کێڵگەى کۆرمۆر رێژەى (H2S)  تێیدا زۆر بووە کە مادەى کبریتە و دەگاتە زیاتر لە 28 بەش لە یەک ملیۆن، بە PPM دەناسرێت، لەکاتێکدا ستانداردى ئاسایی ئەوەیە، رێژەکە لە چوار PPM تێپەڕ نەبێت".
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەدا، کۆمپانیاى نەوتى باکوور وەڵامەکەى وابووە، کە بۆرییەکانى گواستنەوەى گازەکە بەرگەى ئەو رێژەیەى کبریتى نێو گازەکە ناگرن و دواى ماوەیەک بۆرییەکە دەڕزێنێت. بۆچوونى بەرپرسانى وێستگەى تازەش وابووە، گازەکە هەمان کاریگەری بۆ بزوێنەرەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا دەبێت و تێکی دەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.