رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی کەرتی پەروەردە لە چەمچەماڵ پێکهێنراون و بەگوێرەی ئەنجامی خەمڵاندنەکە قەرەبووی قوتابخانەکان دەکرێتەوە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو لیژنەکە لە پەروەردەی سلێمانی پێکهێنراون و راسپێردراون بەوەی تاوەکو رۆژی یەکشەممە راپۆرتێک لەبارەی زیانەکانی لافاوەکە بە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانی سنوورەکە ئامادە بکەن.
لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی لیژنەکە ئامادەی دەکەن، "وەزارەتی پەروەردە پارە بۆ نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەنێرێت. هەروەها پەرتووکیش بۆ سەرجەم ئەو قوتابییانە دەنێرێت کە بەهۆی لافاوەکەوە پەرتووکەکانیان لەنێوچوون یان زیانیان بەرکەوتووە."
سیوەیلی گوتیشی، "جگە لە نۆژەنکردنەوە، وەزارەت پارە بۆ دووبارە کڕینەوەی سەرجەم ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی نێو قوتابخانەکان خەرج دەکات کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە."
لەبارەی دەوامی قوتابخانەکانیش، سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوە کرد، "لەو قوتابخانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە تاقیکردنەوەکانیان دواخراوە و دەوامیش رادەگیرێت تاوەکو کاری نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان تەواو دەبێت، بەڵام لە قوتابخانەکانی دیکە دەوام ئاسایی دەبێت."
رۆژی سێشەممە 9ـی مانگ، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە چەمچەماڵ و بەشێکی دیکەی سنووری سلێمانی لافاو دروستبوو و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان لە چەمچەماڵ بوون. جگە لە زیانی گیانی، لافاوەکە زیانی مادیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە ماڵەکانەوە بگرە، تاوەکو قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی دیکە بەر لافاو کەوتن و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
رۆژی پێنجشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سەردانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو ناوەندانەی خوێندن کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە دوای بەسەرکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، وەزیری پەروەردە لە دیوانی پەروەردەی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و کۆمەڵێک بڕیاری بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەرکرد.
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بە پاڵپشتی دارایی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە لە رۆژی یەکشەممەوە بڕی پارەی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بنێردرێت تاوەکو دەستبەجێ پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ