رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، لافاو زیانی بە نزیکەی 700 ماڵ، دووکان و کۆگە گەیاندووە. دەشڵێت، دەستکاریی رێڕەوی ئاو و دروستکردنی خانوو بە زێدەڕۆیی هۆکار بوون بۆ دروستبوونی لافاو.
رۆژی هەینی، 12-12-2025، هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشی سنووری قەزای چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەوە رایگەیاند، ''هۆکار زۆرن بۆ روودانی لافاو، کە یەکێکیان بڕی زۆری باران بوو.''
بەگوتەی هاوتا عەزیز، لە رۆژی لافاوەکەدا لە ماوەی پێنج بۆ شەش کاژێر، نزیکەی 80 ملیمەتر لە ناحیەکە باران باری. هەروەها لە ماوەی 24 کاژێردا بڕی بارانبارین گەیشتووەتە 127 ملیمەتر، ''ئەوەش هۆکار بوو بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، کە سندووقەکانی ئاوەڕۆ توانای لەخۆگرتنی نەبوو.''
وەک هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی لافاو، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش باسی لە ''زێدەڕۆیی و دەستکاریکردنی رێڕەوی ئاو'' کرد و گوتی، ''لەمەودوا رێکاری یاسایی دەگرینەبەر. لە بانی مەقان و بناری مۆفەرەوە تاوەکو نێو ماڵەکان و دەرەوەی شار، دەستکاریی رێڕەوی ئاو کراوە و گۆڕدراوە، یان زێدەڕۆیی کراوەتە سەر رێڕەوەکانی ئاو و خانوو دروست کراون.''
چەند لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنراون. هاوتا عەزیز دەڵێت، ''بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەو لیژنانە، لە سنووری ناحیەی شۆڕش ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 700 ماڵ، کۆگە و دووکان کە بەهۆیەوە زیان بە سەرجەم کەلوپەلەکانیان کەوتووە و لەنێوچوون''.
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئەوەشی خستەڕوو، جیا لە ماڵ و دووکانەکان، زیان بەر ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل کەوتووە و ئاو چووەتە نێو دوو قوتابخانەش.
هاوتا عەزیز لەبارەی شوێنی مانەوەی ئەو کەسانەی ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە گوتی، ''زۆربەیان چوونەتە ماڵی خزم و کەسوکاریان، تەنیا 12 خێزان هیچ شوێنێکی مانەوەیان نەبوو، هەر زوو شوێنمان بۆ دابینکردن و تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، دەتوانن بمێننەوە''.
جیا لە لایەنە حکومییەکان، ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی و خێرخوازی سەرقاڵی گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش دەڵێت، ''لە دوێنێوە هاوکارییەکانیان گەیشتوون و بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێن، بەڵام بەراورد بە قەبارەی کارەسات و زیانەکان، زۆر کەمن.''
هەرچی حکومەتی فیدراڵییە، بەگوتەی هاوتا عەزیز تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکیان نەگەیشتووەتە سنوورەکە، ''بەڵام داوای ئاماری وردیان کردووە، بەڵێنیان داوە بەهانامانەوە بێن و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.''
لافاو زیانی زۆری بە ستوونەکانی کارەباش گەیاند و بەهۆیەوە لە هەندێک شوێن کارەبا بڕا. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرش گوتی، ''ئێستا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە، بەڵام چەند رۆژ لەمەوپێش بەهۆی ئەوەی شۆرتی کارەبا لە چەند گەڕەکێکدا دروست بووبوو و ستوونەکانی کارەبا کەوتبوون، دۆخەکە خراپ بوو''.
لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ