رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە کەمپینێکی گشتی بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ رادەگەیێنێت و دەڵێت، سێ رۆژ بەردەوام دەبێ و هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە و کەلوپەلی پێویست لەخۆدەگرێت.
رۆژی هەینی، 12-12-2025، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا کەمپینێکی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ راگەیاند.
وەک سمکۆ سالار لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ئامانج لە راگەیاندنی کەمپینەکە ''هاوخەمییە بۆ ئەو کارەساتەی کە روویدا" داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرد، بە دەم هەڵمەتەکەوە بێن.
کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێ. قایمقامی هەڵەبجە گوتی، ''رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە بۆ کاژێر 17:00 لە هۆڵی یەکێتیی مامۆستایان کە دەکەوێتە تەنیشت بانکی هەڵەبجە، چاوەڕێی گەیاندنی هاوکارییەکانین.''
سمکۆ سالار داوا لە خەڵک و خێرخوازان دەکات، تەنیا کەلوپەل و پێداویستیی نوێ و بەکارنەهاتوو بهێننە هۆڵەکە و خۆیان لە هێنانی کەرەستەی بەکارهاتوو بپارێزن.
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژە بە هاوکاریی نەختینەیی و کۆکردنەوەی پارە دەکات بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و دەڵێت، ''خێرخوازان دەتوانن بە شێوەی نەختینەییش لە هۆڵەکە هاوکارییەکانیان پێشکێش بکەن، هەروەها وەک ئاسانکارییەک بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، لە FIB هەژمارێکمان هەیە کە دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێتەڕوو''.
بەگوتەی سمکۆ سالار، دوای تەواوبوونی کەمپینەکە، وردەکارییەکانی تایبەت بە جۆر و رادەی هاوکارییە کۆکراوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێ.
لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ