لەکاتی دابەشکردنی هاوکاری بەسەر زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ شەڕ روویدا؛ "سێ کارمەندی ئاسایش برینداربوون"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ دەڵێت، زیاتر لە 10 دەزگا و رێکخراوی خێرخوازی و حکومی کەلوپەل و پێداویستی بەسەر هاونیشتمانییانی چەمچەماڵ دابەش دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 1700 سەبەتەی خۆراک، 3200 بەتانی، 600 دۆشەک، 4000 مەتر کومبار، 900 سۆپا، 2000 دەبە نەوت، 10.000 سێتی ئاوی خواردنەوە و کەلوپەل بەسەر 600 ماڵدا دابەش کراوە.
 
بە گوتەی عەتا محەممەد، کەلوپەل و پێداویستییەکان لەلایەن ئەم رێکخراو و دەزگایانەوە دابەش کراون: دەزگای روانگە، دەزگای ڤیم، دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێکخراوی سید، کوردستان فاوندەیشن، منداڵپارێزی کوردستان، مانگی سووری عێراقی، رێکخراوی سی دی ئۆ، دامەزراوەی حاجی ئیدریس سوورچیی خێرخوازی، فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و چەندین رێکخراوی دیکەی خێرخوازی.
 
ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ لەکاتی دابەشکردنی پێداویستییەکاندا شەڕ و ئاژاوە روویدا. سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ گوتی: "لەکاتی دابەشکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە بەسەر هاونیشتمانییاندا، کەسێک ویستوویەتی کێشە دروست بکات و سەڕەبڕی بکات."
 
عەتا محەممەد باسی لەوە کرد: "ئەو کەسە پەلاماری کارمەندێکی ئاسایشی دا و دواتر دوورخرایەوە لە شوێنەکە، بەڵام کەسێکی نزیکی بە چەکەوە هات و لەو قەرەباڵخییەدا تەقەی لە ئاسایشەکان کرد کە بەهۆیەوە سێ کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و دۆخی تەندروستی باش نییە."
 
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی: "بەشێکی زۆری کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و خەمڵاندن تەواو بوون و لە چەند کاژێری داهاتوودا راپۆرتی لیژنەکە دەخرێتە بەردەست جێگری سەرۆکوەزیران."
 
رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە