رووداو دیجیتاڵ
لە چەمچەماڵ، لە ماوەی چوار رۆژدا هەڵەت فەرهاد ژیانێکی گەرموگوڕی لێ شێوا، کاتێک لافاو ئەوەی لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵەکەی بۆ خۆشگوزەرانی پێکەوەیان نابوو، لەگەڵ خۆی بردی؛ بەڵام لەناو ئەو نائومێدییە قووڵەدا، دەزگای روانگە وەکو چرایەکی درەوشاوە، هیوا و ئومێدیان بۆ گەڕاندنەوە.
هەڵەت فەرهاد، زیانلێکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ گوتی، "سوپاسی دەزگای روانگە دەکەم کە هاوکارمان بووە و زۆر زۆر سوود لە هاوکارییەکانی وەردەگرین."
دەستێکی بەخشندە، دڵێکی پڕ بەزەیی
دەزگای روانگە لە سێ رۆژدا، پشتیوانی و هاوکاریی گەیاندووەتە 600 ماڵی لێقەوماو لە چەمچەماڵ و گەرمیان. ئەم کاروانە خێرخوازییە بەردەوامە و، بەڵێنیان داوە تاوەکو 1200 ماڵ نەکەنە گەرمترین و پڕترین ماڵی ناوچەکە، دەست لەو هەڵمەتە مەزنە هەڵناگرن.
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری دەزگای روانگە بە رووداوی گوت، "ناوەستین تاوەکو 1200 ماڵەکە ئاوەدان نەکەینەوە، بەیانی دەبێت 800 ماڵ سوودمەند بن."
سێبەری خەسار و قوربانی
بەپێی دوا راپۆرتی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لافاوەکەی 09-12-2025 و رۆژانی دواتر لە گەرمیان، چەمچەماڵ و کەرکووک، دڵی پێنج کەسی خامۆش کرد و 19 کەسی دیکەی بریندار کرد. هاوکات، زیاتر لە 2600 ماڵ و نزیکەی 700 دووکان و پڕۆژەی هاووڵاتییان تووشی زیانێکی زۆری مادی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ