بەرهەم ساڵح پۆستێکی باڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

د. بەرهەم ساڵح،  پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران لە جیهان دا وەرگرت. راوێژکارێکی دەڵێت، 12 کەسایەتی جیهان کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستەکەیان کردووە.
 
د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، کەسایەتی سیاسیی دیاری باشووری کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، دوای هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەیەکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پۆستەکەی پێدراوە.
 
محەممەد هەورامی، راوێژکاری د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ئەو پۆستەی نەتەوە یەکگرتووەکان 12 کەسایەتی جیهانیی لە ئەورووپا و ئەمریکاوە کێبڕکێیان دەکرد، دوای چاوپێکەوتنی بەربژێرەکان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، بە خۆشحاڵییەوە د. بەرهەم ساڵح پۆستەکەی پێدرا".
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەکەی بەرهەم ساڵح، لیژنەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی  ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەربژێران بۆ وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی بۆ کاروباری پەنابەران کردووە.
 
پۆستەکە بۆ سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان یەکلا بووەتەوە. لەبارەی دەستبەکاربوونییەوە راوێژکارەکەی گوتی: "دەستبەکاربوونەکەی دەکەوێتە ساڵی نوێوە".
 
پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵا و کاریگەرەکان لەنێو رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
ئەو کەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت، بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی نزیکەی 123 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە سەرانسەری جیهاندا.
 
رۆژی 30-10-2025 هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس زانیاری لەبارەی بەربژێربوونی دکتۆر بەرهەم بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بە پشتیوانیی تەواوی ئێمە، بەربژێری عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)". 
 
هۆشیار زێباری هەروەها رایگەیاندبوو، دکتۆر بەرهەم ساڵح "خاوەنی هەموو مەرج و توانایەکی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئاژانسە گرنگە مرۆییە"، کە رۆڵێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارە و پەنابەراندا دەگێڕێت لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
بەرھەم ئەحمەد ساڵح؛ 12ـی ئەیلوولی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە گەنجیدا دوو جار لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقییەوە دەستگیرکراوە.
 
بەرهەم ساڵح بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی و تەلارسازی لە ساڵی 1983 لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا بەدەستھێناوە. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی گشتی لە بەریتانیا.
 
بەرهەم ساڵح لە کۆتایی ساڵی 1976 پەیوەندیی کردووە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، سەرەتا ئەندامی حیزبەکە بووە لە ئەورووپا، دواتر بووە بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبەکە لە بەریتانیا. نوێنەری یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە دوای یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان لە ساڵی 1992 بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەمریکا.
 
بەرهەم ساڵح ساڵی 2001 بۆ 2004 بووە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی). 
 
لە کابینەی شەشەمدا و بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
 
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشووی بەعسەوە بووە بە جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتیی عێراق لە نیوەی دووەمی ساڵی 2004 و دواتر بووە بە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ئینتیقالی عێراق. دواتر لە ساڵی 2006 بۆ 2009 جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەڵبژێردراوی عێراق بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بووە.
 
د. بەرهەم ساڵح دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی – سلێمانییە و لە 02ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 بە هەشتەمین سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زیانەکانی لافاو لە قوتابخانەیەکی سنووری چەمچەماڵ. وێنە: رووداو

لەسەر راپۆرتی دوو لیژنە قەرەبووی زیانی قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵ دەکرێتەوە

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو لیژنەکە لە پەروەردەی سلێمانی پێکهێنراون و راسپێردراون بەوەی تاوەکو رۆژی یەکشەممە راپۆرتێک لەبارەی زیانەکانی لافاوەکە بە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانی سنوورەکە ئامادە بکەن.