سلێمانی 10 ملیۆن لیتر ئاو بۆ چەمچەماڵ دەنێرێت؛ "ئەمڕۆ کێشەی ئاو نامێنێ"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
روووداو دیجیتاڵ

لە دوای لافاوەکەی رۆژی سێشەممە، کێشە بۆ دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە چەمچەماڵ دروست بووە. ئەندامێکی لیژنەی بەدواداچوونی زیانەکانی لافاوەکە دەڵێت: "ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر دەکرێت".
 
بابە رەسوول غەفوور، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ بیرەکانی بانی مەقان کە بۆرییەکانیان لێکترازابوون هەموویان چاککرانەوە، کە بەشێکی ئاوی سنوورەکە دابیندەکەن.
 
ئەندامەکەی لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ گوتی: "وێستگەی کانی شەیتان بەهۆی ئەوەی قوڕ و لیتەی زۆری تێچووە، ترومپاکانی دەرهێندراون بۆ خاوێنکردنەوە و بۆ دابەشکردنەوەی ئاو کاری تێدا دەکرێت".
 
شەوی رابردوو لە سلێمانییەوە ئاو گەیێندراوەتە بەشێکی چەمچەماڵ. بابە رەسووڵ دەڵێ، بڕیارە ئەمڕۆ هەر لە سلێمانییەوە 10 ملیۆن لیتری دیکەی ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت و کێشەی نەبوون و کەمیی ئاو نەمێنێت.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی بەدواداچوونی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری، تۆڕەکانی ئاو لە سنوورەکە "زیانی زۆر"یان بەرنەکەوتووە و ئەوەی بووە بە هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی ئاو، قوڕ و لیتە بووە لە وێستگەکانی دابەشکردن دا.
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی ئەم مانگە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری لافاو دروستبوو، بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە و زیانی بە ژێرخانی ناوچەکەش گەیاند.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە