رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەر و شارەزایەکی کاری گرووپە جیهادییەکان پێیوایە ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی بوونی ئەندامانی رێکخراوی قاعیدە لە ئێران بووە دەستکەوتێک بۆ ئیدارەی ترەمپ و بەربەست بۆ ئیدارەی بایدن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی قاعیدە دەیکات هەمان ئەو شتانەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت، بۆیە ئێران هاوکاریی ئەو گرووپانەی قاعیدە دەکات کە گوێڕایەڵی دەبن.
موختار هۆشمەند، لێکۆڵەر و شارەزا لە کاری گرووپە جیهادییەکان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە هەوراز گوڵپی پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بە بوونی پەیوەندی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە جیهادییەکانی سەر بە رێکخراوی قاعیدە کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا ئەو لێکۆڵەر و شارەزایە لە کاری گرووپە جیهادییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئاشکراکردنی زانیاری لەلایەن ئەمریکاوە لەبارەی بوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و قاعیدە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە ئیدارەی ترەمپ خواستی ئەو سەروەرییە بۆ خۆی بێت، هەروەها دەیانەوێت ئەو زانیارییانە ببێتە بەربەستێک لەبەردەم ئیدارەی بایدن و ئەو گفتوگۆیانەی کە بڕیارە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەستپێبکەنەوە دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن.
ئەو لێکۆڵەرە ئاماژە بەوەش دەکات، بوونی ئەندامانی قاعیدە لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003 و کۆچکردنی ئەندامانی ئەنسارول ئیسلام بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 2005 بەدواوە لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان رێکخست، ساڵی 2005 بۆ 2008 بە ساڵانی زێڕینی ئەم گرووپانە دادەنرێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ناوی کەتائیبی کوردستان و کەتائیبەکانی ئەهلی سوننە خۆیان رێکخست، زۆربەی گرووپەکان بڕوایان وابوو نابێت دژی ئێران چالاکی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێکی دیکە لە گرووپەکان رایان وابوو دەبێت دژی ئێران چالاکی ئەمجامبدەن، بۆیە ئێران سنووری بۆ بەشێک لە جیهادییەکان دانا و دەستگیریکردن.
موختار هۆشمەند، تیشکی خستە سەر بوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و رێکخراوی قاعیدە و رایگەیاند، ئەو رێکخراوە هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە تەواوی جیهاندا دەکاتە ئامانج، ئەوەش هەمان ئەو شتەیە کە ئێران دەیەوێت، بۆیە ئەو ئامانجە هاوبەشە هۆکارێکە بۆ نزیکبوونەوەی ئێران و قاعیدە، ئێران هاوکاریی هەموو ئەو گرووپە جیهادیانە دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەکەن و لە سووریا و لە هەر شوێنێک خواستی لەسەربێت چالاکی ئەنجامدەدەن.
هەروەها موختار ئەوەی خستەڕوو، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گرووپە جیهادییەکان گەشەی زۆریان کردووە، ئەندامانی ئەو گرووپانە بە ئاشکرا و نهێنی مەشقی جەستەیی و سەربازی دەکەن و پەروەردەی فکری دەکرێن، پاشان رەوانەی سووریا دەکرێن بۆ شەڕکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ