رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا، 117 کەسیان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و "تیرۆر" دەستگیرکردووە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، ئەنجامدانی دوو ئۆپەراسیۆنی هاوکاتی لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیاوە لە دەیان پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند و دەڵێت، لە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا 117 کەس دەستگیرکراون.
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە 32 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 113 کەسیان بە تۆمەتی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ پەکەکە و "تیرۆر" دەستگیرکرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەکردووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی نۆ سەربازی تورکیا و برینداربوونی چوار سەربازی دیکە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە هەرێمی کوردستان، 60 پەیج و هەژماری تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پڕوپاگەندە و بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە.
عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ئاسایشی ئینتەرنێت و تیمەکانی دژەتیرۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، بەدواداچوونیان بۆ ئەدمینی ئەو 60 پەیج و هەژمارە تایبەتە کرد و دەرکەوت 53یان لە دەرەوەی تورکیا و حەوتەکەی دیکەیان لە ناوەوەی تورکیا بەڕێوەدەبردرێن و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا چوار ئەدمین دەستگیرکران و ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی سێ ئەدمینەکەی دیکەش بەردەوامە.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتنامەی 53 ئەدمینەکەش ئامادە کراوە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوون، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی نۆ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ