رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی زانکۆی جیهان لە هەولێر بۆ خوێندکارانی، لەمەودوا رۆژانی شەممەش دەبێت دەوام بکرێت. بەرپرسانی زانکۆکە دەڵێن، بۆ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتنی خوێندکارانە و بۆ ماوەیەکی کاتییە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ شەممە 13-01-2024 دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و چەند خوێندکارێکیش نێوەڕۆکەکەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردووەتەوە و نیگەرانی خۆیان لە بڕیارەکە خستووەتەڕوو، زانکۆی جیهان لە ئاگادارینامەیەکدا بە خوێندکارەکانی دەڵێت، "هەموو رۆژانی شەممە دەوامی فەرمییە و هەر قوتابییەک ئامادە نەبێت بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت؛ هەر قوتابییەک ئامادەنەبوو نەهاتوویی (غیاب) دەبێتە دوو بەرامبەر".
زانکۆی جیهان ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە پەسند کراوە؛ راشیگەیاندووە، هەر گرووپ یان قوتابییەک دەوام نەکات کاتی کۆتایی دەوامی بۆ مانگی حەوت درێژ دەکرێتەوە.
لەبارەی بڕیارەکەوە رووداو لەگەڵ چەند بەرپرس و بەشێکی زانکۆی جیهان قسەی کرد و دەڵێن، "بڕیارەکە بۆ هەموو خوێندکارانی وەرگیراوی قۆناخی یەکەم و بەشێک لە بەشەکانی دیکەیە، چونکە ئەوانە دواکەوتوون لە خوێندن و لە بەرژەوەندی خۆیانە. پێدەچێت نزیکەی دوو هەفتە یان زیاتر بەردەوام بێت و هەمیشەیی نییە".
هەر لەو بارەوە د. عەبدولستار عەبدولکەریم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی، "بەشێکی خوێندکارانمان دواکەوتوون و دەوامکردنی رۆژانی شەممە تەنیا بۆ ئەمڕۆیە؛ ئەمڕۆ قەرەبووی ئەو دواکەوتنە دەکەنەوە کە لە دەوامدا دروستبووە".
لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە رۆژانی هەینی رۆژێکی دیکە کراوەتە پشووی فەرمی. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەندێک زانکۆ و پەیمانگە پێنجشەممان و هەینی پشوون و هەندێکیش هەینی و شەممە؛ لە هەردوو کاتەکەدا دەبێت بە ئاگاداری وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت.
لە هەرێمی کوردستان 20 زانکۆی حکومی و 17 زانکۆ و لقی زانکۆیی تایبەت هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ