رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو جار دواخستن، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە سلێمانی ببرێتە دادگەی سلێمانی و دادوەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە 12ـی حوزەیرانی پار دەستگیرکرا. بڕیاربوو 04-11-2025 ببرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی، بەڵام "دژەتیرۆر ئارام قادریان نەبردە دادگە و دانیشتنەکە دواخرا" بۆ 30-11-2025 و ئەو رۆژەش دیسان دواخرا بۆ ئەمڕۆ.
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیاری دادوەر، دەبێ ئەمڕۆ ئارام بهێندرێتە دادگەی سلێمانی".
پارێزەری ئارام قادر گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار دادگایی ئارام قادر هەبووە و ئاسایش و دژە تیرۆر نەیانهێناوەتەوە دادگە و گوتراوە نەخۆشە".
بەگوتەی پارێزەرەکەی، ئەوەی رێکاری یاسایی بێ بۆ کەیسی ئارام قادر لە دادگەی سلێمانی جێبەجێ کراوە و "هێزی ئەمنی هۆکارن لە دواخستنی دانیشتنی دادگا".
بەکر حەمەسدیقی پارێزەر گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندانیشدا رێگە نەدراوە من ئارام قادر بیبینم".
بە گوتەی ماڵباتەکەی بۆ رووداو، چەند جارێک سەردانی ئارام قادریان کردووە لە زینداندا، بەڵام "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکرێ".
ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە.
بەکر حەمەسدیق گوتی، "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی. ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت."
لەبارەی تۆمەتەکەوە، ئەحمەد کوڕی ئارام قادر بە رووداوی گوت: "باوکم پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە. بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
رۆژی 08-10-2025 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە سەردانی ئارام قادر بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
دەستەکە رایگەیاند، "لە 9-9-2025 نووسراومان ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریمان بکرێ. هەروەها چەندین جار داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ