رووداو دیجیتاڵ
عومرەکارێکی خەڵکی هەولێر لە سعودیه گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە رایگەیاند، لەکاتی تەوافدا گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عومرەکارێک چەند رۆژێک بوو بۆ بەجێگەیاندنی عومرە لە سعودیه بوو، ئەمڕۆ کاژێر 02:30ی دوای نیوەڕۆ لەکاتی تەوافکردندا لەنێو حەرەمی مەککە لەهۆش خۆی چوو."
بە گوتەی کاروان ستوونی، راستەوخۆ ئەو عومرەکارە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
ئەو عومرەکارە ناوی مەحموود عومەرە و دانیشتووی شاری هەولێرە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە گوتی، "نەخۆشیی دڵ و شەکرەی هەبووە، تەمەنی نزیکەی 60 ساڵ بووە و باوکی 7 منداڵە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، خەریکی رێکارەکانن و بڕیارە تەرمەکەی هەر لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دوو عومرەکار لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ