کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی بەفر دەبارێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ لە "تەواوی هەرێمی کوردستان" باران ببارێت و سبەی لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین بەفر ببارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلەکە پێنجشەممە کۆتایی دێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاژێر رایگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ باران دەبارێ و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت و خێرایی با زیاد دەکات؛ لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان."
 
بەگوێرەی کەشناسیی، ئەمڕۆ بڕی بارانبارین لە سنووری سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە زیاتر دەبێت لە هەولێر. ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکان باران دەبارێت."
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بارانبارین بەردەوام دەبێت لە سەرجەم ناوچەکان بە بڕی جیا. هەروەها هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کاتەکانی بەیانیی سبەی "لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها ناوچەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت."
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێت هەموو ئەو ناوچانەی 750 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزن، بەفریان لێ ببارێت."
 
محەممەد کەمال پێشبینی دەکات، ئێوارەی پێنجشەممە کۆتایی بەم شەپۆلە بێت و پلەی گەرما بەشێوەی بەرچاو دادەبەزێ، بەشێوەیەک ئەگەری بەستنی رێگەکان لە زۆربەی شارەکان دەکرێت.
 
لەبارەی پلەی گەرماوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە نزم دەبێتەوە و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ "چەند پلەیەکی دیکە" دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 4 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 7 پلەی سیلیزی
دهۆک: 4 پلەی سیلیزی
پیرمام: 4 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 2 پلەی سیلیزی
پیرمام: 4 پلەی سیلیزی  
چەمچەماڵ: 8 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 5 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 8 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە