یاریزانێکی کورد لە خۆپێشاندانەکانی تاران کوژرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارمان ئەیووب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایدەگەیێنێت، مێرمنداڵێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە یاریزانی لاوانی یانەی سایپا بووە، لە خۆپێشاندانەکانی تاران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە، بەڵام تائێستا تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی نەکراوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 13-01-2026، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، مێرمنداڵێک بەناوی (رێبین مورادی)، تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری سەلاس باوەجانیی پارێزگای کرماشان، لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە تاران کوژراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، مورادی رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 کوژراوە، بەڵام بنەماڵەکەی پاش چوار رۆژ لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە.
 
رێبین مورادی، یاریزانی تیپی مێرمنداڵانی یانەی سایپا بووە لە خولی نایابی مێرمنداڵانی تاران و بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە وەک یەکێک لە بەهرەمەندەکانی تۆپی پێ دەناسرایەوە.
 
کوژرانی ئەو مێرمنداڵە وەرزشوانە لەکاتێکدایە، فاتمە مەهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە نوێترین لێدوانی دا دانی بە بوونی کەلێنێک لەنێوان حکومەت و گەنجاندا نا و گوتی: "دەبێت کەلێنی نێوان گەنجەکان و حکومەت پڕبکەینەوە. ئەگەر قوتابیی ئێمە تووڕەیە، ئێمە بەرپرسین و دەبێ لەگەڵیان بدوێین و گوێیان لێبگرین."
 
بە گوتەی گوتەبێژی حکومەت، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لە کۆمەڵناسان داوە تاوەکو هۆکار و ریشەکانی تووڕەیی لە نەوەی نوێدا دەستنیشان بکەن.
 
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر 28 پارێزگای ئێرانی گرتەوە. وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە