رووداو- هەولێر
سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێشمەرگە دێرینەكان هیچ ئیمتیزێكیان نییە و گلەیی لە بەشێکی دەسەڵاتدارانکرد و گوتی، حیزبەکان لێکترازاون و تەباییان نییە و هەندێک لە دەسەڵاتدارانیش دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن و پارەی نەوت چاوی کوێر کردوون.
جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان رایگەیاند: "5 هەزار و 700 پێشمەرگە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەكو ئێستا زەوییان پێنەدراوە و پێشمەرگە دێرینەكان لە دۆخێكی ئابووریی خراپدان."
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەندامانی لقەکانی شارباژێر، دووکان و سلێمانیدا لەگەڵ دەستەی ئەنجوومەنی راوێژکاری و بەشێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی گفتوگۆکەیان دوو تەوەر بووە: یەکێکیان ئەو دۆخەی لە کوردستان هەیە، ئەوەی دیکەیش ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان.
سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان باسی لەوە کرد کە هەر لەسەردەمی شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514وە لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەم و سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەویدا کوردستان دابەش کرا و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بووە دوو بەشەوە و گوتی: "بە داخەوە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کورد سنوورەکانی ئەو دوو دەوڵەتەی پاراستووە لەبری ئەوەی بچن بە گژیاندا، بەڵام بوونە کرێگرتە و سنوورەکەیان لە دژی بەشەکەی دیکەی کوردستان بۆ پاراستووە."
جەمیل هەورامی ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردەمی رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا کوردستان بووە چوار بەش و، ئەمڕۆ دۆخی سیاسیی کوردستان لە هەموو کاتێک خراپترە.
جەمیل هەورامی گوتی: "حزبەکان لێکترازاون و تەباییان نییە؛ حزبایەتی دەکەن و هەندێک لە دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەسەڵات بەکار دەهێنن، بیرناکەنەوە کە دۆخەکە ناسکە و سەردەمەکە گۆڕاوە. ئێستا زلهێزەکان هاتوونەتە ئاراوە."
شەڕی کورد و عەرەب
ململانێی پارتە شیعییەکان لەگەڵ کورد بەشێکی دیکەی قسەکانی هەورامی بوو و گوتی: "لەناو شیعە و شەقامی عێراقدا خەریکە دەیکەن بە شەڕی کورد و عەرەب. تاوەکو ئێستا ئێمە چەند شۆڕشمان کردبێت شەڕەکەمان شەڕی دەسەڵات بووە، بەڵام ئێستا بە قسەی نابەجێ و بۆ ململانێ خۆیان و شۆڤێنیەتی عەرەب سەرلەنوێ هاتوونەتەوە و دەیانەوێت شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب."
دووبارە بەعەرەبکردن
ناوچە جێناکۆکەکان دوای ئەوەی یاسای بۆ دەرچوو لە ئەنجوومەنی حوکم و لە پەرلەمانی عێراق، بڕیار درا ئەو کوردانەی زەوییەکانیان داگیر کرابوو، دەتوانن بچنەوە شوێنەکانی خۆیان و شوێنەواری بەعەرەبکردن بسڕێتەوە.
جەمیل هەورامی گوتی: "بەڵام ئێستا تازە شۆڤێنیەکی عەرەب کە کراوە بە پارێزگاری کەرکووک بە هەلی دەزانێت تاوەکو پارێزگارێکی دیکە بۆ شارەکە دادەنرێتەوە، دەیەوێت سەرلەنوێ سەدام حوسێن چی کردووە دووبارەی بکاتەوە. ئەوەتا جووتیارە کوردەکان لە زەوییەکانی خۆیان دەردەکەن. داعش هەر لە عەرەبە شۆڤێنیەکانن و خەڵکی ئەو ناوچەیەن."
بەرپرسەکەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان نموونەی سەرەتای بەعەرەبکردنی لە کەرکووک بەوە هێنایەوە کە "لە ساڵانی دەیەی 40ـی سەتەی پێشوودا وەزیری ناوخۆ چووەتە حەویجە، لەوەڕگای ئەو کاتەی حەویجە هی ئیسماعیل عوزێری بووە، وەزیری ناوخۆ گوتوویەتی: 'هۆزی نعێم دەهێننە ئەوێ.' ئەو کات قایمقامی حەویجە پێی گوتبوو: 'چۆن قبووڵی دەکەن ئێرە بەعەرەب بکرێت؟' کە ئەو کاتە یەک ماڵی عەرەب لەوێ نەبوو. بەڵام وەزیری ناوخۆ پێی گوتووە: 'تۆ قایمقامی و چۆن دەبێت لە بەردەم مندا قسە بکەیت؟' قایمقام پێی گوتبوو: 'ئەوا من دەستم لە کار کێشایەوە و قسەی خۆم دەکەم.' "
جەمیل هەورامی گوتی: "لەو کاتەوە تا ئێستا دۆخمان لە حەویجە ئەوە بووە کە 20 ماڵێكی تێدا مابوو، بەڵام کە داعش هات، کوردەکان کوژران یان داعش لەوێ دەریکردن. ئەو عەرەبانەشی پێشتر بۆ گەڕانەوەیان پارەیان پێدرابوو، ئێستا جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە. بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەڵێی نە بای دیوە نە باران. ئەو هەموو فەوزایە هەیە، ئەوەتا لە بادینان شەڕە، لەملاوە ئێران هەڕەشەمان لێدەکات، لەولاوە عەرەب هەڕەشەمان لێدەکات رزق و رۆزیمان دەبڕن و قووتی پێشمەرگە دێرینەکان و منداڵە شەهیدەکان و منداڵەکانی کوردستان دەبڕێت، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەریەکە لە دۆڵێکە. هیچ تەباییەکیان تێدا نییە. ئێمە داوامان لێکردن چاو لە ئێمە بکەن کە بە حیساب ئەو سەرکردایەتییە سیاسییانەمان ئەزموونیان هەیە و دیپلۆماتکار بوون و چوونەتە هەندەران و کۆڕ و کۆبوونەوەیان دیوە، بەڵام ئێمە لەوان زیاتر بۆ میللەتەکەمان و نەتەوەکەمان دڵسۆزترین."
نەبوونی کردار
هەروەها جەمیل هەورامی ئەوەی خستەڕوو: "ئەوەتا ئێمە هەموو پێشمەرگە دێرینەکان یەکمان گرتووە، بە پارتی و یەکێتی و شیوعی و زەحمەتکێشان و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و تەواوی حیزبەکانەوە. پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەموو حیزبەکانمان کرد و مەکتەبی سیاسی و سکرتێرەکانیان پێشوازییان لێمان کرد. قسەکانمان خستەروو و گوتیان: 'بەخوا راست دەکەن.' بەڵام بەداخەوە راستکردن چییە؟ دەڵێن بەڵێ وایە و ئێوە رادەست دەکەن و دەبێت وابکەین، بەڵام نایکەن. ئێستاش ئەوە مەترسییەکە زۆر گەورەتر بووەتەوە و لەوە زیاترە. رێزم هەیە بەڵام بەشێكیان پارەی نەوت و داهات چاوی کوێر کردوون، گوێی کەڕ کردوون، لە ئاستی راستییەکاندا گوێ بە هیچ نادەن وەک ئەوەی هەر لەگەڵ ئەوانیان نەبووە. چونکە خۆیان ژیانیان مسۆگەرە، منداڵەکانیان لە دەرەوە ڤێلا و کۆشکیان هەیە، پارەیان لە بانکەکانی سویسرا و شوێنەکانی دیکە هەیە لەبەر ئەوە گوێی پێ نادەن."
ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان
لەبارەی تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەیانەوە کە ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان بوو، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان باسی لەوە کرد: "پێشمەرگەی دێرین هیچ ماف و ئیمتیازێکی نییە. هەر ئەوەیە بەپێی یاساکان خانەنشین کراوە و سی ساڵی بۆ کراوەتە 15 ساڵ و خانەنشین بووە. ئیتر هیچ رێزلێنانێک نییە. بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان کوڕ و کچەکانیان لە زانکۆ ئەهلییەکان هێناوەتەوە دەرەوە کە بە پارەیە و ناتوانن بخوێنن."
جەمیل هەورامی ئاشکرای کرد کە زۆربەیان ئێستا نەخۆشییان هەیە، نەخۆشیی شێرپەنجە و قورسیان هەیە و شوێنیان نییە رووی لێ بکەن و گوتی: "کاتی خۆی توانایەکمان لە بەردەستدا بوو، بەڵام لە ساڵی 2004وە ئەو توانایەیش نەماوە. پێشمەرگەمان هەیە مانگی بە 150 هەزار دینار کرێچی بووە، لە خانووەکە دەرکراوە و هاتووە ماڵەکەی لە مزگەوت داناوە و منداڵەکانی ناردوونەتەوە ماڵی خەزووری. باشە ژیان وا دەڕوات؟"
کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو. جەمیل هەورامی باسی لەوە کرد: "گەڕەک نەماوە لە سلێمانی شەهیدی تێدا نەدەین و خوێنی پێشمەرگە و بریندار و شەهیدی تێدا نەڕژابێت. بڕۆن لە خەڵکی کۆڵانەکانی گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی بپرسن و بڵێن کێ لەو ناوە شەهید بووە؟ کێ شەڕی کرد؟ کێ پێشمەرگەی دێرین بووە؟ بە داخەوە پێشمەرگەمان هەیە لێرە کۆڵان بە کۆڵان شەڕی کردووە، ئێستا کرێچییە."
پرسی زەویی پێشمەرگە دێرینەکان
هەورامی ئاماژەی بەوە دا، گلەییان نییە لەوەی هەر هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە پارچەیەک زەوی هەبێت و گوتی: "بیدەن بەوانیش، بەڵام بیر لە پێشمەرگە دێرینەکان بکەنەوە. لە ساڵی 2013وە ئێمە لە زاخۆ تاوەکو کەلار پێنج هەزار و 700 پێشمەرگەمان فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیران واژۆی لەسەر کراوە، لە چەکمەجەی وەزیری پێشووی شارەوانی بووە، ئێستا نازانم ئەو فەرمانانە ماوە، دڕاوە، تەلەف بووە یان مشک و مۆرانە خواردووێتی! نازانین چی بەسەر هات!"
دەستخۆشی لە پارتی
لەبارەی دابەشکردنی زەوی و خانوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەسەر شەهیدەکانی ئەو حیزبەدا لە پارێزگاکە، جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان گوتی: "پارتی لە هەڵەبجە خزمەتی شەهیدەکانی کردووە. ئەوە بەشێکە لە خزمەتی شەهیدەکانی ئێمە. 800 پارچە زەویی بۆ شەهیدانی پارتی دابین کراون و خانووەکانیان بۆ دروست کرا و کلیلەکانیان دایە دەستیان، بەڵام هێشتا هەیە لە هەڵەبجە شەهید بووە، شەهید محەممەد تۆفیق لەناو هەڵەبجەدا شەهید بوو، هێشتا زەویی نییە. هاواری نووری حەلاو 40 کەسی نەماوە، یەکێک بوو لە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردەیەکی باش بوو. چی بۆ کراوە؟ زۆر نموونەی دیکە هەن. ئەگەر بمرین منداڵەکانمان نەجاتیان نابێت، چونکە وا خەریکە گۆڕ دەبێت بە پارە. کەسوکارەکانمان ناچارن بمانبەن لە شوێنێک چاڵێکمان بۆ هەڵکەنن و فڕێمان بدەن، چونکە پارەی گۆڕەکەیان نییە."
جەمیل هەورامی لە رووداوی ئەمڕۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ