رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە سۆپای نەوتی، دوو هاوژینی پێکەوە کردە قوربانی. ئەحمەد عەبدوڵڵا لەدایکبووی ساڵی 1934 و حەلیمە رەسووڵ کە پێنج ساڵ لە هاوژینەکەی بچووکتر بوو، برانە دادپزیشکی.
شاخەوان وەرتی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە رووداوی گوت، هۆکاری گیانلەدەستدانەکە گازی سۆپا بووە، هەڵچووە و ئۆکسجینیان نەماوە، بەوهۆیەوە هەردووکیان خنکاون.
رووداوەکە لە قەسرێی قەزای چۆمان بووە، هاوژینەکان دانیشتووی گوندێکی خانەقا بوون و چوونەتە ماڵی کچەکەیان.
بە سۆپای نەوتیی ماڵەکە گەرمکراوە، مریەمی کچیان کاژێر 08:30 خولەکی بەیانی چێشت و بوکەکەشیان کاژێر 12 نانی نیوەڕۆی بۆ بردبوون، بەڵام بەسەر تەرمەکانیاندا چووبوو.
مریەم ئەحمەد، کچی دوو هاوژینەکەیە و دەڵێت: شەو لە نێوان هەردووکیان خەوتبووم کە بەخەبەر هاتم دایکم نوێژی دەکرد و گوتی، "زۆر نەخۆشم، بەڵام تۆ بڕۆ بۆ دەوامی خۆت" و منیش نان و چام پێدان و رۆیشتم.
بەیان خالید، بوکی دوو هاوژینەکەیە و گوتی، "من کاژێر 12 چووم نانی نیوەڕۆیان بۆ ببەم کە چووم هەردووکیان کەوتبوون، هەرچەند بانگمکردن وەڵامیان نەبوو، بینیم رەق بوونەتەوە و مردوون."
ئارام بنگردی، نەوەی دوو هاوژینەکەیە و گوتی: باپیر و نەنکی منن شەو تاوەکو درەنگ لایان بووم بڕێک ناساخ بوون، بەڵام شتێکی وانەبوو، ئێمە بەس ئەوە دەزانین لە ژوورەکەدا سۆپا هەڵچووبوو.
مردنی پێکەوەییان خەڵکێکی زۆری لە دۆڵی خانەقا و گۆڕستانی گوندەکەیان کۆکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ