رووداو دیجیتاڵ
بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە، سەیری ئەو خانووە دەکات کە بەسەر نەوەکانیدا رووخاوە، خەمی داپیرە جانێ، لەدەستدانی چوار نەوەیەتی لە بوومەلەرزەکەدا.
داپیرە جانێ پارلابک، لە گوندی شاهین تەپە لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانە، چوار نەوەی بە بوومەلەرزە مردوون و بەتەنیا ماوەتەوە.
ناخی داپیرە جانێی تەمەن 85 ساڵ، وەکو گوندەکەی وێرانبووە، سەرەڕای لەدەستدانی ئازیزانی، ئێستا بنمیچێک نییە لە سایەیدا پشوویەک بدات.
داپیرە جانێ دەڵێت: "نازانم چی بڵێم! ماڵمان وێران بوو. 5 تەرممان دەرهێنرا. تەرمی نەوەکانم! ئەوان لە قوتابخانە بوون. ماڵوێران و گۆڕغەریب بوون. من دەتوانم چی بڵێم و چی بە مێشکمدا دێت بۆ گوتن؟ قسەم بۆ ناکرێت."
گریانی بەکوڵی داپیرەیەکی 85 ساڵی بۆ نەوەکانی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لەژێر داروپەردوودا لە مەرەشی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە. pic.twitter.com/XEbpCw6ctf
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 13, 2023
لە گوندی شاهین تەپە کە سەر بە شارۆچکەی بازارجخەیە لە مەرەش، لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، 16 کەس لەو گوندە بچووکەدا گیانیان لەدەستدا.
دوای کارەساتەکە، ئێستا دانیشتووانی گوندی شاهین تەپە، چاوەڕێی دەستێکی هاوکارین، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لە مانەوە لەنێو ئەو داروپەردووانەدا رزگاریان بکات کە بووەتە هۆی مەرگی ئازیزانیان.
چەقی بوومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە مەرەشی باکووری کوردستان بوو و کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ