کوردستان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سه‌رۆک و جێگران و ئه‌ندامانی دادگەی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سه‌رۆک و جێگران و ئه‌ندامانی دادگەی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كە وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ره‌هه‌نده ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو رێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، "لەمبارەیەشەوە را و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جیدیان له‌سه‌ر ده‌كرێت".
بڕیار بوو لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام بەهۆى یەکلایی نەبوونەوەى ئەو سکاڵایە، کێشە بۆ رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن دروستبوو، کە چاوەڕێى یەکلاکردنەوەی سکاڵایەیە.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێشنیازى ئەوەى کردووە کە ئەو هەڵبژاردنە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایارى 2024 بکرێت.
11ـى شوباتى 2024، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى دادگە لە بارەى سکاڵاکانى دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڕیاری دواخستنی دا بۆ 18ـی شوبات."
شەرمین بەهجەت خدر گوتیشى، "بە گوێرەى بڕیارى سەرۆکى دادگە، ئەو دواخستنە بۆ ئەوەیە کە لە 18ى شوبات دوا بڕیار لە بارەى ئەو سکاڵایەوە بدرێت".
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە. دادگەکە هەردوو سکاڵاى لەسەر هەمان بابەت یەکخستووە و کردوویەتییە یەک سکاڵا.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ