وەزارەتی خوێندنی باڵا نەخشەڕێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران

13-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، نەخشەرێگەیەکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ئامادەکردووە و کۆتایی ئەم مانگە گفتوگۆی کۆتایی لەسەر دەکرێت و دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران.
 
رۆژی سێشەممە 13ـی شوباتی 2024 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی خوێندنی باڵا نەخشەڕێگەیەکی هەمەلایەنەی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لەنێو کۆمەڵگە و زیانى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئامادە کردووە".
 
گوتیشی، "ئەمڕۆ بە سەرپەرشتى هەریەک لە د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دکتۆر سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى، کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو وەزارەت لەبارەى هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان ئەنجامدرا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محەممەد ئاماژەی بە نەخشەڕێگەیەک کردووە کە پاڵپشت بە یاساى بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان ئامادەکراوه‌ و لە کۆتايى ئەم مانگەشدا لە دیدارێکى هاوبەشى فراواندا گفتوگۆى زیاترى لەبارەوە دەکرێت.
 
عەباس ئەکرەم دەڵێت، ئامانجی ئەو دیدارە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکى بەرفراوانە لەنێوان دامەزراوەکان و زانکۆکانى کوردستان و دەشڵێت، "بۆ ئەوەیە زانکۆکانمان بەشداريى کارا بکەن لە ئامادەکردنی ستراتیژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و ئەو مەترسییانەى لەسەر وڵات و هەرێمەکەمان لە بڵاوبوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان هەیە".
 
بڕیارە رۆژی 26ـی ئەم مانگە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێر دیدارێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەخشەڕێگەکەی بکات و گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "لەو دیدارە هاوبەشەدا گفتوگۆی فراوان لەبارەی نەخشەڕێگەی وەزارەت دەکرێت و دوای رەچاوکردنی سەرجەم تێبینییەکان، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".
 
چەند ساڵێکە بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە. 
 
رۆژی 07-02-2024، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پار 1168 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لەنێو چاکسازییەکاندا بوون، ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی ئەم مانگە ئەو ژمارەیە بۆ 1214 کەس زیادی کردووە؛ گوتیشی، لەو ژمارەیە 676 کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن و 538 کەسیش بازرگانی مادەی هۆشبەرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.