رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوە دوێنێ قەڵایەک و چەند خانوویەکی تەقێندرانەوە، ئەمڕۆ قەڵایەکی دیکەی دێرین عوزێری تەقێندرایەوە.
دێرین عوزێری، پلەدارێکی پێشمەرگەیە لە یەکەی حەفتا و تۆمەتبارە بە وەرگرتنی سەرانە و تەقەکردن لە سەرمایەدارێک، بە فەرمانی دادوەر بڕیار دراوە دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر تەواوی ماڵ و موڵکیدا بگیرێت.
ئەحمەد کامیل، ئەو سەرمایەدارەیە کە کۆتایی مانگی رابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقەی لێكرا و گوایە بە فەرمانی كوێخا دێرین بووە، دوێنێ دووشەممە بە رووداوی گوت، "دوو رۆژ پێش بریندارکردنم زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارم وەکو سەرانە دابووە کوێخا دێرین."
قەڵا و خانووەکانی دێرین عوزێری دەکەونە سەر رێگەی دووکان-سلێمانی. پەیامنێری رووداو دەڵێت، جگە لە قەڵا و دیوەخان، چەندین خانووی دیکەی تێدایە و تەنانەت کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵیشی تێدایە.
دوێنێ بەر لە رووخاندنی میوانخانەکەی، ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەوڵی دەستگیرکردنی کوێخا دێرین عوزێری بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەسەر "داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشە لە سەرمایەدارێک" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و بڕیاری دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دراوە.
دێرین عوزێری، کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، هەڵاتووە و تائێستا دەستگیرنەکراوە.
راستەوخۆ لە فەیسبووکی رووداوەوە بینەر بە:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ