رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەپۆلێکی بارانبارین لە دهۆکەوە دەستپێدەکات. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلەکە لە شەودا تەواوی شارەکان دەگرێتەوە و چەقەکەی پێنجشەممە و هەینی دەبێت و مەترسی لافاو لە شارەکانی هەولێر، کەرکووک و دەڤەری گەرمیان هەیە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و پلەی گەرماش بەراورد بە دوێنێ "کەمێک" بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی دەڵێت، دوای نیوەڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین لە پارێزگای دهۆکەوە بەشێوەی نمەباران دەستپێدەکات و لە هەندێک ناوچەش دەبێتە لێزمەباران.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، رۆژی سێشەممە، 13-02-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانبارین سبەی دوای نیوەڕۆ لە دهۆکەوە دەستپێدەکات و شەویش لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە".
بەگوتەی ئاراس جەبار، سبەی خێرایی با دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و دەبێتە هۆکاری خۆڵبارین لەگەڵ بارانەکەدا، بەتایبەت لە شاری هەولێر و دەڤەری گەرمیان و تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەو کەشناسە گوتی: "شەپۆلی چڕی بارانبارین رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەبێت؛ بارانی بەلێزمە دەبارێت و مەترسی لافاو لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و کەرکووک و بەشێکی گەرمیان هەیە".
ئاراس جەبار ئاماژەی بە شارەکانی دیکە کرد و گوتی، لە سەنتەری شارەکانی دهۆک و هەڵەبجە مەترسی لافاو نییە و لە سلێمانیش ئەگەری لافاو لاوازە.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، شەپۆلەکە شەممە و یەکشەممەش بە لاوازی بەردەوام دەبێت و رۆژی دووشەممەی داهاتوو کەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەڕوات.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی دوو بۆ چوار پلە، پلەی گەرما دادەبەزێت و بەرزترین پلە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 16 پلەی سیلزی
سلێمانی: 17 پلەی سیلزی
دهۆک: 15 پلەی سیلزی
کەرکووک: 18 پلەی سیلزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلزی
سۆران: 14 پلەی سیلزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ