رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە تاوەکو پارەی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی بنێردرێت.
حکومەت دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچە ناردوویەتی، 300 ملیار دینار کورتهێنانی تێدایە و نابێت ناردنی مووچە هەر مانگێک بە جۆرێک بێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین، پاشەکشە لە تەواوکردنی پڕۆژەی هەژماری من ناکەین بەڵکو پلانمان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، وەزیری دارایی گوتوویەتی، هەر وەزارەتێک داتای دروستی ناردبێ مووچەیان بۆی ناردووە. بۆ مانگی ئاداریش مووچە نانێرێت، تاوەکو هەژمار بۆ مووچەخۆران دروست نەکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، تەیف سامی، وەزیری دارایی رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نییە بە یاسای خانەنشینیی عێراق.
رۆژی سێشەممە دادگەی فیدراڵی لەسەر ناردنی مووچە داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە پەلە بکەن لە پرۆسەی بە جێکردن (بەبانکیکردنی) مووچە و تاوەکو پرۆسەکەش تەواو دەبێت، مووچەی فەرمانبەران بە کاش بدرێت.
بەڵام بەپێی قسەی دوو ئەندامی لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ وەزیری دارایی شتێکی پێچەوانەی ئەو بڕیارەی گوتووە.
وەزارەتی دارایی عێراق دادگەی فیدراڵیی ئاگادار کردووەتەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مانگی ئادار نانێرێت ئەگەر لەڕێی هەژماری بانکییەوە نەبێت، بەو جۆرەش دروستکردنی هەژماری بانکی کاتێکی زۆری پێویستە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوانییە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا بابەتەکە تەواو بکات و دەڵێت، "زیاتر لەم کاتەی دەوێت."
پەیامنێری رووداو لێی پرسی، "ئەی چارەسەر چییە؟" موعین کازمی لە وەڵامدا گوتی، "چارەسەر ئەوە دەبێت کە پارەدارکردنەکە درێژبکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەژمارە بانکییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو دەبێت، دواتر دەخرێنە سەر بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق."
رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 568 ملیار دیناری بۆ مانگی شووباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، خەرج کرد.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای "سۆمۆ" کردووە، هەڵوێستی خۆیانی پێ رابگەیێنن سەبارەت بەوەی تاوەکو چەند هەرێمی کوردستان پابەندی مادەکانی 11 و 12ی یاسای بودجە بووە. داواشیان کردووە 25ی هەموو مانگێک بە راپۆرتێک وردەکارییەکانیان بۆ بنێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ