پارتی داوا لە کۆمیسیۆن دەکات پێداچوونەوە بە ژمارەی کورسییەکانی هەڵەبجەدا بکات

13-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە پێداچوونەوە بە ژمارەی کورسییەکانی هەڵەبجەدا بکات. کۆمیسیۆن دەڵێت، "ناتوانین دەستکاریی ژمارەی کورسییەکان بکەین."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 13ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان داوایەکی پێشکێش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە، تێیدا داوای کردووە پێداچوونەوە بە ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی هەڵەبجە بکرێت، کە سێ کورسیی بۆ دیاریکراوە و، داوایکردووە کورسییەکانی هەڵەبجە زیاد بکرێن.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "داواکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەردەم ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە؛ هێشتا بە فەرمی وەڵامی داواکەمان نەداوەتەوە."
 
جومانە غەلای دەشڵێت، "دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر کورسییەکانی هەڵەبجە داوە؛ ئەوکات هەڵەبجە بازنەیەکی هەڵبژاردن بووە و سێ کورسیی هەبووە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژە بەوە دەکات، "دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی چۆنێتی دابەشکردنی کورسییەکان داوە، نەوەک کۆمیسیۆن؛ بۆیە ناکرێت دەستکاریی کورسییەکان بکرێت، چونکە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی کۆتاییە، تانەی لێنادرێت و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەندبن."
 
بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، پەرلەمانی کوردستان 100 کورسیی هەیە؛ هەرێمی کوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردنە و بەپێی ئەو دابەشکارییە، کورسییەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبن:
 
سلێمانی: 38 کورسی 
هەولێر: 34 کورسی 
دهۆک: 25 کورسی 
هەڵەبجە: 3 کورسی
 
رۆژی 3ى ئاداری 2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە