ئەنەکەسە لە عەفرین: دوای رێککەوتنەکەی دیمەشق گەڕانەوەی کورد و دەرچوونی عەرەب زۆر زیادیکردووە

13-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار لە نێوان فەرماندەی گشتی هەسەدە و سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، گەڕانەوەی هاونیشتمانییان بۆ ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی زیاتر بووە. بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: "عەرەبی هاوردەش زۆر دەگەڕێنەوە و گوند هەیە عەرەبی تێدا نەماوە".
 
10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، واژۆ کرا. لە خاڵی پێنجەمەدا هاتووە: "گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە".
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاماری ورد بەردەست نییە، بەڵام دوای رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار گەڕانەوەی کورد زۆر زیادیکردووە، بەجۆرێکە خولەک بە خولەک خەڵک دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان".
 
ئەو ناوچانەی خەڵکیان بۆ دەگەڕێتەوە، عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپین، نزیکەی حەوت ساڵە لەلایەن کۆمەڵێک گرووپی چەکدارەوە بە پشتیوانی تورکیا بەڕێوەدەبرێن.
 
ئەحمەد حەسەن کە خۆی لە عەفرینە گوتی: "دوای رێککەوتنەکە گەڕانەوەی عەرەبی هاوردەش زۆر زیادیکردووە، بەجۆرێکە هەندێک گوند هەن یەک عەرەبیشی تێدا نەماوە و کورد دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
 
بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی، گرووپە چەکدارەکان وەکو رابردوو ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی کورد دروست ناکەن، بەڵام "ئاستەنگییەکانیش بەتەواوی کۆتاییان نەهاتووە".
 
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوە هێزانە کرد کە ئێستا لە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانیدان و گوتی: "گرووپی عەمشات، حەمزات، ئەحرار شەرقییە و چەند گرووپێکی دیکە هەن، بەڵام شەرع بڕیاریداوە ئاسایشی گشتیی دەوڵەت لە ناوچەکان جێگیر بکات".
 
لە خاڵی دووەمی رێککەوتنەکەدا کە تایبەتە بە کورد ئاماژە بەوەکراوە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتیش گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی دەکات و هەموو مافە دەستوورییەکانی بۆ دابین دەکات".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە