رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێكی دارستانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوە و نەمانی كرێكار لە دارستانە دەستكردەكانی سلێمانی مەترسی لەسەر بەشێكیان دروست بووە، دارستان هەیە تەنانەت یەك كرێكاریشی نەماوە خزمەتی بكات، بە نموونە شاخی گۆیژە.
دیاری خورشید، لێپرسراوی هۆبەی دارستانی پارێزگای سلێمانی لەكاتی بەشداری پۆدكاستی "بەكاتی سلێمانی،" کە رۆژانی سێشەممە لە رادیۆی رووداو پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند، لە هەموو سنووری پارێزگای سلێمانی 20 هەزار دۆنم دارستانی دەستكرد هەیە و 8530 دۆنمی لە سنووری سلێمانییە، كە چوار دارستانن، ئەوانیش دارستانەكانی گۆیژە، ئەزمڕ، رازیانە و وەیسەن.
لێپرسراوی هۆبەی دارستانی پارێزگای سلێمانی گوتی، "گۆیژە هیچ كرێكارێكی نەماوە خزمەتی بكات، لانیكەم 50 کرێکاری پێویستە، دارستانی ئەزمڕ 19 كەسی هەیە، ئەوانیش هەموویان كرێكار نین، لە دارستانەكانی وەیسە و رازیانەش هەریەكەیان 6 كارمەندیان هەیە." گوتیشی، "ئەو دارستانانە جگە لە ئاودانیان بەردەوامیش مەترسیی ئاگركەوتنەوە تێیاندا هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە بەو كرێكارە كەمە خزمەت ناكرێت."
دیاری خورشید ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاربوو 70 كرێكاری بە شێوەی گرێبەست بۆ دامەزرێنن، بەڵام تائێستا کەسیان بۆ دانەمەزرێندراوە.
دارستانی دەستكردی شاخی گۆیژە بیری ئاوی نییە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، "ناكرێت لەناو شارەوە بە تەنكەر ئاو ببەین بۆ گۆیژە، بۆیە داوای لێدانی بیرێكمان كردووە و دەڵێن، بە 480 مەتر دەگاتە ئاو، ئەگەر ئەوەمان بۆ بكەن، زۆر باش دەبێت."
لێپرسراوی هۆبەی دارستانی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئەم ساڵ 20 هەزار نەمامیان لە دارستانە دەستكردەكانی پارێزگای سلێمانیدا چاندووە، نزیكەی 5000ی لە دارستانەكانی گۆیژە، ئەزمڕ، وەیسە و رازیانە بوون.
دیاری خورشید دەشڵێت، "ئەو نەمامە تازانە دەبێت لانیكەم رۆژی جارێك ئاو بدرێن، ئەگەر بە زوویی كرێكارمان بۆ دانەمەزرێنن، وشك دەبن."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێستا بەشێك لە تیمەكانیان لە دارستانەكانی گۆیژە و ئەزمڕ سەرقاڵی دروستكردنی ئاگربڕن، ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی ئاگركەوتنەوە، چونكە ساڵی رابردوو نزیكەی 400 دۆنمی دارستانەکە سووتا و بەو هۆیەشەوە نزیكەی 15 هەزار نەمام و دار سووتان، بەڵام "خۆشبەختانە لە شوێنی ئەو 15 هەزار دار و نەمامە سووتاوە، نزیكەی 12 هەزار نەمام چێندراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ