پارێزگاری کەرکووک: وەزیری کشتوکاڵ بڕیاری دا گەنمی جووتیارانی کەرکووك بە نرخی حکومەت وەربگیرێت

13-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا هەموو گەنمی جووتیارانی کەرکووك، بەتایبەت کورد و تورکمان لە سایلۆکان و بەنرخی حکومەت وەربگیرێت. 
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووك سەردانی بەغدای کرد و ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئایاری 2025 لەگەڵ عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، "لەسەر داوای پارێزگاری کەرکووك، بڕیار درا لە وەرزی دروێنەی ئەم ساڵدا گەنمی هەموو جووتیارانی کەرکووك، بەتایبەت کورد و تورکمان لە سایلۆکان و بە نرخی حکومەت وەربگیرێت، بەوەش هەزاران جووتیار سوودمەند دەبن و بەرووبوومەکانیان ساخ دەکرێنەوە".
 
دوێنێ دووشەممە 12ـی ئایارى 2025 عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "نووسراوێکى فەرمیمان ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵ کردووە لەبارەى چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەنمەى لە زەوییەکانى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێندرێت، بۆئەوەى بەر لە دەستپێکردنى وەرگرتنى گەنم لە کەرکووک ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
 
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ، 495 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک لە چواچێوەى پلانى کشتوکاڵدایە بۆئەوەى گەنمەکەى لەلایەن وەزارەتى بازرگانییەوە لێ بکڕدرێت.
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک گوتیشی: "لە کەرکووک زیاتر لە 200 هەزار دۆنم زەوى لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵدایە. لە نووسراوەکەدا پێشنیازمان کردووە بەرهەمى گەنمى زەویى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى هەمان مامەڵەى گەنمى نێو پلانەکەى لەگەڵ بکرێت لەڕووى نرخى وەرگرتنەوە."
 
بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدایە بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
 
سەرەتا ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاری دا وەزارەتی بازرگانی تەنیا گەنمى ئەو زەوییانە وەربگرێ کە لە چوارچێوەى پلانى کشتوکاڵیدان، کە بەگوێرەى جۆرەکەى 800 بۆ 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
 
22ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت و زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیش بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ لە رووی ماف و شایستەوە. 
 
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات جووتیاران لە ژمارەیەک پارێزگای نێوەڕاست و باشووری عێراق خۆپێشانیان کرد و داوایان کرد گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ وەربگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.