لەبارەى 7000 دامەزراندنەکەى کەرکووک، نووسراوێک ئاراستەى بەغدا دەکرێت

13-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراندنى زیاتر لە 7000 کەس لە کەرکووک لەسەر یەکلاکردنەوەى وانەبێژان و کەرتى پەروەردە وەستاوە، تاوەکو ئێستا دامەزراندنەکە نایانگرێتەوە، بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە پارێزگارى شارەکە نووسراوى ئاراستەى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە.
 
پشکى کەرکووک لەو دامەزراندنانە بە گرێبەست، 7304 کەسە، بەگوێرەى یاساى بودجەى سێ ساڵەى عێراق دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رانەگەیێندراوە.
 
سێشەممە 13ى ئایارى 2025 ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، راگەیاندنى دامەزراندنى ئەو کەسانە بەهۆى ئەوە راگیراوە کە وانەبێژان و ئەوانە ناگرێتەوە کە دەیانەوێت لە کەرتى پەروەردە دابمەزرێندرێن، پارێزگارى کەرکووک نووسراوى ئاڕاستەى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە بۆئەوەى دامەزراندنەکە ئەوانیش بگرێتەوە.
 
ئەحمەد کەرکووکى ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەکى زۆر لە وانەبێژانى خۆبەخش لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانى کەرکووک هەن، کە بە فەرمى دانەمەزرێندراون، بە پێچەوانەى پارێزگاکانى دیکە، کەرکووک هەڵاوێرد کراوە لەوەى ئەو دامەزراندنە کەرتى پەروەردەى تێدابێت، بە پاساوى ئەوەى پێشتر 17 کەس لە کەرکووک بۆ ئەو کەرتە دامەزرێندراون."
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، 150 هەزار کەس لە عێراق بە شێوەى گرێبەست دادەمەزرێندرێن، کە مووچەى مانگانەیان 300 هەزار دینارە، پشکى دامەزراندنەکە بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک رایگەیاند، وەکو ئامادەکارى بۆ گەڕانەوەى وەڵامى داواکەى پارێزگار، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ژماردن و وردبینیکردنى ئەوانەى وانەبێژى راستەقینەن، تاوەکو ئەگەر ئەو دامەزراندنە بیانگرێتەوە، بتوانن داواکارى پێشکێش بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.